مانۆڕی کات‌و دەسەڵات.. ترەمپ کۆتاییهاتنى جەنگی ئێران ڕادەگەیەنێت‌و کۆنگرێسیش دابەشدەبێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1874 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە وەک "مانۆڕێکی یاسایی زیرەک" وەسفدەکرێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەفەرمی کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادارکردەوە کە کردەوە شەڕەنگێزییەکان دژی ئێران کۆتاییان هاتوە، ئەم ڕاگەیاندنە تەنها چەند کاتژمێرێک پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە یاساییە بوو کە دەبوو تێیدا ترەمپ ڕەزامەندیی کۆنگرێس بۆ بەردەوامی جەنگ بەدەستبهێنێت.


کۆتایی "توڕەیی داستان" یان گۆڕینی تاکتیک؟
ترەمپ لەنامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستان كه‌ لە28ی شوباتی 2026 دەستیپێکردبوو، ئامانجەکانی پێکاوەو لە 7ی نیسانەوە هیچ شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەنێوان هێزەکانی ئەمریکاو ئێران ڕوینەداوە، بەڵام هۆشداریشیدا کە هەڕەشەکانی ئێران هێشتا گەورەن‌و 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لەناوچەکەدا لەوپەڕی ئامادەباشیدا دەمێننەوە.

ناکۆکییە دەستورییەکان.. جەنگی کاتژمێری 60 ڕۆژی
به‌گوێره‌ى یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ، كه‌ ساڵی 1973دا ده‌رچوه‌، سەرۆک دەبێت لەماوەی 60 ڕۆژدا ڕەزامەندیی کۆنگرێس وەربگرێت بۆ هەر کردەوەیەکی سەربازیی، ئەگەرنا دەبێت هێزەکان بکێشێتەوە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ترەمپ بەڕاگەیاندنی کۆتایی جەنگ، بەشێوەیەکی کردەیی کاتژمێری ژماردنی ئەو 60 ڕۆژەی ڕاگرت.

ئەم هەنگاوە بوەتە جێی مشتومڕێکی توند، له‌لایه‌ك ئیدارەی ترەمپ پێیانوایە کە وەستانی تەقە، ژماردنی کاتەکە دەوەستێنێت‌و ئەگەر شەڕ دەستپێبکاتەوە، 60 ڕۆژێکی نوێ دەستپێدەکات، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ دیموکراتەکان‌و هەندێک کۆماری ده‌ڵێن، ئەمە بەخۆدزینەوە لەدەستور دەزانن‌و دەڵێن گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران خۆی لەخۆیدا بەردەوامی جەنگە.

سەرهەڵدانی یاخیبون لەناو پارتەکەی ترەمپدا
بۆ یەکەمجار، یەکگرتویی کۆمارییەکان لەپشت ترەمپەوە درزی تێکەوت، سیناتۆر سوزان کۆلینز ڕایگەیاند، چیتر پشتگیریی لەم جەنگە ناکات بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس‌و جەختیکردەوە، "یاسا تەنها پێشنیاز نییە، بەڵکو پابەندییە"، ترەمپیش لەبەرامبەردا هێرشیکردەسەر نەیارانی‌و بەنا نیشتمانپەروەر وەسفیکردن.

پێشنیازی کۆتایی‌و ئاسۆیەکی نادیار
ترەمپ پێش بەجێهێشتنی کۆشکی سپی بۆ فلۆریدا، ئاشکرایکرد کە پێشنیازێکی کۆتایی داوەتە ئێران، بەڵام بەگومانەوە لەحکومەتی ئێران دەڕوانێت‌و دەڵێت، "ئەوان دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن، بەڵام من ڕازی نیم".

لەئێستادا، واشنتۆن لەنێوان دوو بەرداشدایە؛ لەلایەکەوە سەرۆکێک کە دەیەوێت بەبێ کۆتوبەندی کۆنگرێس فشارەکان بۆسەر تاران بەردەوامبێت‌و لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌ پەرلەمانتارانێک کە دەترسن وڵاتەکە بگلێتە ناو جەنگێکی درێژخایەنی بێ کۆتایی‌و بێ ستراتیژ.