ترەمپ مێزی دانوستانەکان هەڵدەگێڕێتەوەو بژاردەی سەربازیی دەخاتە پێش ڕێککەوتن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1379 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆناڵد ترەمپ ئومێدەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەقەیرانی ئێران بەرەو هەڵدێربردو بەڕەتکردنەوەی پێشنیازە نوێیەکەی تاران، جارێکی دیكه‌ بژاردەی سەربازیی وەک تەنها جێگرەوەی ڕێککەوتنێکی خراپ خستە پێش چاوی جیهان، ئەمەش ناوچەکەی خستووەتە بەردەم ئەگەرێکی کراوەی پێکدادانێكى زۆر دژوار.


لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی دوکەڵی سپی لەکۆشکی سپییەوە دەکرد دوای وەرگرتنی پێشنیازە هەموارکراوەکەی تاران، دۆناڵد ترەمپ بەلێدوانێکی توند هەموو ئومێدەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لەباربرد، ترەمپ بەڕاشکاوی وتى، "ڕەنگە باشتربێت هیچ ڕێککەوتنێک نەکرێت،" ئەمەش ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە واشنتۆن خۆی بۆ قۆناغێکی نوێی پێکدادانی سەربازیی ئامادە دەکات.

دوای چەندین گەڕی دانوستان بەنێوەندگیری پاکستان، تاران نامەیەکی هەموارکراوی ڕادەستی واشنتۆن کرد، بەڵام کاردانەوەی ترەمپ ساردو توڕەبوو، سەرۆکی ئەمریکا لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی، "من بەو پێشنیازەی ئێستا دەیخەنەڕوو ڕازی نیم"، هاوكات سەرچاوە ئاگادارەکانیش باس لەوەدەکەن، تاران داوای گرەنتی زۆر دەکات بۆ هەڵگرتنی گەمارۆكانى سه‌رى‌و ئەوەش لای ترەمپ هێڵی سورە.

ئەوەی ئەمجارە جیاوازە، گەڕانەوەی ترەمپە بۆ بەکارهێنانی زمانی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ، ئەو نەک هەر باسی شکستی دیپلۆماسی کرد، بەڵکو ئاماژەی بەپلانی سەربازیی نوێ-ش کرد بۆ لێدانی ژێرخانی وزەو ناوەندە ستراتیژییەکانی ئێران، ترەمپ وتی، "پێم باشە ڕێککەوتنێکی خراپ نەکەم کە دواتر بێتەوە ڕێمان، ئەگەر پێویست بکات بژاردەی سەربازیی تاکە ڕێگەیە".

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان هەردولا لەلێواری هەرەسهێناندایە، چاودێران پێیانوایە، ترەمپ دەیەوێت لەڕێگەی ئەم گوشارانەوە زۆرترین سازش لەئێران وەربگرێت، یان ئەوەتا دەیەوێت پێش کۆتاییهاتنی وادە یاساییەکانی کۆنگرێس، بڕیارە یەکلاکەرەوەکە بدات.

لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوت بۆ ئاستێکی پێوانەیی‌و توندتربونی گەمارۆ دەریاییەکان، ئێستا جیهان لەبەردەم پرسیارێکی چارەنوسسازدایە، ئایا ئەوە تەکتیکێکی فشارە بۆ باشترکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتن، یان واشنتۆن بەڕاستی بڕیاریداوە لەبری پێنوس، بەباروت‌و گورزه‌ كوشنده‌كان وەڵامی تاران بداتەوە؟.