ئه‌مریكا دوا مۆڵه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نێت.. مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ڕوو له‌عێراق ده‌كات

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1788 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی نوێدا کە ئاڵۆزییەکانی سزاکانی سەر کەرتی وزەی ڕوسیا نیشاندەدات، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاریدا مۆڵەتی کۆتایی بۆ فرۆشتنی سەرمایە بیانییەکانی کۆمپانیای "لوک ئۆیل"ی ڕوسی تاوەکو 30ی ئایاری 2026 درێژبکاتەوە.


چاودێران پێیانوایه‌، ئەم بڕیارە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نەخشەی وزەی عێراق دەبێت، بەتایبەت کە یەکێک لەگەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتەکە لەناو ئەم کێبڕکێیەدایە.

کێڵگەی "ڕۆژئاوای قوڕنە 2" لەبەسرە کە بەیەکێک لەگەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان دادەنرێت‌و ڕۆژانە نزیکەی 470 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئێستا لەناوەندی گرەوێکی نێودەوڵەتیدایە.

بەهۆی سزاکانی واشنتۆنەوە، ئەم کۆمپانیا ڕوسییە ناچارکراوە دەستبەرداری سەرمایە بیانییەکانی بێت کە بە 22 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، زیاتر لە 12 کڕیاری نێودەوڵەتی چاویان بڕیوەتە ئەو کێڵگە ستراتیژییە کە دیارترینیان کۆمپانیای "ئێکسۆن مۆبیل"ی ئەمریکییە، بەڵام مەرجەکانی ئەمریکا توندن؛ هیچ پارەیەک ناچێتە دەستی ڕوسیاو دەبێت داهاتی فرۆشتنەکە لەهەژمارێکی بانکیی بلۆککراودا لەژێر چاودێری ئەمریکادا دابنرێت.

ئەمە پێنجەمجارە مۆڵەتەکە درێژدەکرێتەوە، ئەمەش گوزارشت لەسەختی دانوستانەکان‌و هەستیاریی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەکات کە بۆ ئابوریی عێراق دەمارێکی زیندون.

شاره‌زایانى ئابوریش پێیانوایه‌، هەر گۆڕانکارییەک لەخاوەندارێتی ئەم پڕۆژانەدا، ڕەنگە هاوسەنگییەکانی وزە لەناوچەکەدا سەرەوژێر بکاتەوە.