شارپرێس:
وتەبێژی سوپای ئێران بۆ یهكهمجار وردهكاریى ئەنجامەکانی
ڕوبەڕوبونەوەیان لهجهنگى ئهمریكاو ئێران ئاشکرادەکات کە بەجەنگی سێیەمی سەپێنراو
ناوی دەبات؛ دهڵێت، "توانیومان نەک هەر 186 فڕۆکەی جەنگیو درۆنی پێشکەوتوو
بخهینهخوارەوە، بەڵکو لەڕێگەی موعجیزەی سەربازییەوەو بەفڕۆکەی F-5، قوڵایی بەرگرییەکانی ئەمریکامان بڕییو بنکەکانیان لەهەولێرو قەتەرو
کوهیت كرانه ئامانج"، ڕاشیدهگهیهنێت، "ڕێگەمان نەدا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری
ئەبراهام لینکۆڵن، لەئاوەکانی ئێران نزیک ببێتەوە".
عەمید محەمەد ئەکرەمی نیا وتەبێژی سوپای کۆماری ئیسلامی
ئێران، لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا هەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ ئەنجامەکانی ئەو ڕوبەڕوبونەوەیە
ڕاگەیاند کە بەجەنگی ڕەمەزان ناوی برد وهكو ئاماژەیهك بۆ گرژییەکانی دوایی لەگەڵ
ئەمریکاو ئیسرائیل.
وتەبێژی سوپا ئاشکرایکرد، "بەهۆی پێشبینییە هەواڵگرییە
پێشوەختەکان، هێزەکانمان لەوپەڕی ئامادەباشیدابون، هێزە ئاسمانییەکانو بەرگریی
ئاسمانیی، توانیویانە لەماوەی 40 ڕۆژی جەنگەکەدا 170 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو 16 فڕۆکەی
جەنگی دوژمن بخەنە خوارەوە کە هەندێکیان خاوەن تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتوو و گرانبەهابون".
ئەکرەمی نیا ئهوهشى وت، "هێزە ئاسمانییەکانی ئێران
لەسەرەتای جەنگەکەدا چەندین هێرشیانکردهسهر بنکەکانی دوژمن لەوڵاتانی دەوروبەر،
لەوانە: هەولێر لەعێراق، کوهیتو قەتەر".
وتەبێژەکەى سوپاى ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "فڕۆکەیەکی
جەنگی لەجۆری F-5 (کە مۆدێلێکی کۆنە) توانیویەتی بەشێوەیەکی بێوێنە،
هەموو چینە بەرگرییە توندەکانی ئەمریکا ببڕێتو بنکەیەکی سەربازییان لەناوچەکەدا
بکاتە ئامانج کە ئەمەش وەک دەستکەوتێکی سەربازیی دەگمەن لەقەڵەمدرا".
ئهوهشى وت، "هێزە دەریاییەکان بەموشەکی کروزو درۆن،
هێرشیانکردوەتەسەر ئامانجەکانی دوژمنو ئیسرائیل، ڕێگەشمان نەدا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری
ئەمریکی ئەبراهام لینکۆڵن، لەکەناراوەکانی ئێران نزیک ببێتەوە، ههروهها موشەکەکانی
(فەجرو فەتح) بۆ ماوەی 40 ڕۆژ بنکەکانی ناوچەکەیان بۆردومانکردو بەهۆی هەماهەنگی
سوپاو سوپای پاسداران، هیچ دەستدرێژییەکی وشکانی یان زهمینى بۆسەر سنورەکان ڕوینەداوە".
عەمید ئەکرەمی نیا ئەنجامەکانی ئەو جەنگەی بەسەرکەوتنێکی
گەورەو پەرچەکردارێکی خێرا ناوبرد کە بوەتە هۆی پاشەکشێی دوژمنو پاراستنی سەروەریی
خاکی ئێران.
