شارپرێس:
نرخى نەوت گەیشتە 117 دۆلار، لەگەڵ توندبونی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر کەرتی وزەی ئێران، نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینیو نیگەرانییەکان لەقەیرانێکی نوێی وزە قوڵتر بونەوە.
بهگوێرهى دواین زانیاریى لهبازاڕەکانی وزە لەجیهاندا، شڵەژانێکی گەورەیان بەخۆوە بینیوهو نرخی نەوتی خاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە.
شارهزایانیش پێیانوایه، ئەم هەڵکشانە دوای بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتەکان دێت سەبارەت بەبڕیارێکی نوێی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەو توندکردنی گەمارۆکانی سەر بەندەرە ستراتیژییەکانی ئێران.
گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی 5% زیادیانکردو نرخی یەک بەرمیل گەیشتە 117 دۆلار، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا-ش ڕێنمایی داوەتە یاریدەدەرانی، خۆیان بۆ گەمارۆیەکی درێژخایەن لەسەر ئێران ئامادەبکەن، ئەمەش وەک فشارێکی ئابوریی توند بۆسەر تاران.
سەرەڕای توندبونی فشارە ئابورییەکان، بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوەدەکەن، واشنتۆن لەئێستادا بژاردەی سەربازییو پێکدادانی ڕاستەوخۆی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدورگرتوە.
شارەزایانی ئابوری باس لهوهدهكهن، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دەبێتە هۆی کەمبونەوەی خستنەڕوی نەوت لەبازاڕە جیهانییەکاندا، بەتایبەت کە ئێران یەکێکە لەوڵاتە گرنگەکان لەدابینکردنی وزەدا، ئەم دۆخە-ش ترسو دڵەڕاوکێی لای وڵاتانی پیشەسازیی دروستکردوە کە ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبونەوەی زیاتری تێچوی سوتەمەنی لەجیهاندا.
