شارپرێس:
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانیان بەردەوامن لە ئۆپراسیۆنەکانیان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەختی لەسەر جێبەجێکردنی بەردەوامی گەمارۆی سەر ئێران کردەوە.
لە بەیاننامەیەکدا سێنتکۆم ڕایگەیاندووە کە هێزەکانیان تا ئێستا ٣٩ کەشتییان لاداوە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بەو گەمارۆ دەریاییەی کە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە لە دەریای عەرەب کەشتییەکی بازرگانیان دەستبەسەرداگرتووە، دوای ئەوەی گومانی ئەوەیان کردووە کە بەرەو ئێران بچێت. دواتر کەشتییەکە دوای پشکنین و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە هیچ نیازێکی نەبووە لە هیچ بەندەرێکی ئێراندا بوەستێت، ئازادکرا.
بەپێی بەیاننامەکە، سێنتکۆم بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی دووپاتکردەوە بۆ چاودێریکردنی کەشتیوانی و جێبەجێکردنی ئەو سنووردارکردنانەی لە ناوچەکەدا سەپێنراون.
پێشتریش ڕۆژی سێشەممە، بلومبێرگ بڵاویکردەوە، کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لە بەندەری چابەهار کە دەکەوێتە دەرەوەی کەنداوی فارس لە نزیک هێڵی گەمارۆی ئەمریکا کۆبوونەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تاران سەرەڕای سنووردارکردنەکان بەردەوامە لە بارکردنی نەوت.
