شارپرێس:
چوارچێوەی هەماهەنگی ئێوارەی سێشەممە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ئازادی بەپێکهێنانی کابینەکەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بدرێت.
لە بەیاننامەیەکدا چوارچێوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران ئەنجامدرا، بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ".
ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەوانەی ئامادەبوون باسیان لە پێکهێنانی کابینە و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی شایستە و بژاردەکان کرد، بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە توانای تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی هەبێت. جەختکرایەوە لەسەر گرنگی پابەندبوون بە هێڵە کاتییە دەستوورییەکان و پێویستی جێهێشتنی بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەندامانی کابینەکە بۆ سەرۆکوەزیران".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیان لە "گرنگی هاوبەشی و لەپێشینەدانانی بەرژەوەندی گشتی لەڕێگەی چەسپاندنی بژاردەکان لەسەر بنەمای پێوەرەکانی دەستپاکی، لێهاتوویی، و بەرپرسیارێتی نیشتمانی" کردووەتەوە، ئاماژەیان بە "گرنگی هاوئاهەنگی لەناو تیمی حکومەتی داهاتوودا کردووە بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عێراق".