شارپرێس:
لەکاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی دوێنێوە، مایکو کامێراکەی (جوتیار ڕەسوڵ) بێدەنگبونو تائێستاش هیچ زانیارییهك لهبارهى چارهنوسیهوه نازانرێت، بەڵام بێدەنگیی دەزگا ئەمنییەکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین لەئاست بێسەروشوێنبونی ئەم ڕۆژنامەنوسە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکردوە، سهنتهرى میترۆ داوا لەهێزە ئەمنییەكانی ڕانیە دهكات ڕونكردنەوە لەسەر دیارنەمانی ئهو ڕۆژنامهنوسه بدات، سهندیكاى ڕۆژنامهنوسانیش دوو ژماره تهلهفۆن ئاشكرادهكات.
جوتیار ڕەسوڵ پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای (پایتەخت میدیا)، هەموو شتێکی بۆ گەشتێکی خێزانی ئامادەکردبوو، تەنانەت مۆڵەتی فەرمی لەدەزگاکەشی وەرگرتبوو، بەڵام پێشئەوەی جانتای گەشتەکەی بپێچێتەوە، دیارنەمان بوو بەمیوانی ماڵباتەکەی، ئێستا 30 کاتژمێر تێپەڕدەبێتو کەسوکارەکەی لەنێوان چاوەڕوانیو دڵەراوکێیەکی کوشندەدا دەژین.
ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بەزمانێکی توند هاتوەتە دەنگو دەڵێت، "ئێمە لەسەر گومان قسە ناکەین، بەڵام کاتێک ڕۆژنامەنوسێک دیارنامێنێت، یەکەم لایەن کە بەرپرسیاربێت هێزە ئەمنییەکانن".
لهو ڕوهشهوه داوادهكات، "ئەگەر لای ئەوانە (مهبهست لههێزه ئهمنیهكانه) بەچ تۆمەتێک دهستگیركراوه؟ ئەگەر لای ئەوانیش نییە، ئەرکی ئەوانە بزانن ئەو هاوڵاتییە لەکوێیە".
ههر لهبارهى چارهنوسى ئهو ڕۆژنامهنوسهوه، نوسینگەی ڕاپەڕینی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان جەختدەکاتەوە، هەموو هێڵەکانی پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتو دەزگا ئەمنییەکان خستوەتەگەڕ.
ئەوان ئاماژە بەوەدەکەن، جوتیار هیچ کێشەیەکی پێشوەختەی نەبوەو ژیانی زۆر ئاسایی بوە، ئەمەش گومانەکان لەسەر ڕفاندن یان دەستبەسەرکردنی، زیاتر دەکات.
لەکاتێکدا سهندیكاى ڕۆژنامهنوسان دوو ژمارە تەلەفۆنیان بۆ هەر زانیارییەک بڵاوکردوەتەوە كه بریتین له( (07701432129 یان 07513890820)، بهڵام دەزگا ئەمنییەکانی ڕانیەو قەڵادزێ تا ئەم ساتە هیچ ڕونکردنەوەیەکیان لهبارهى چارهنوسیهوه نەداوە.
ڕۆژنامهنوسانو چاودێرانیش پێیانوایه، ئەم بێدەنگییە لەکاتێکدایە کە دۆخی ئازادیی کاری ڕۆژنامەنوسی لەهەرێم، لەژێر چاودێرییەکی وردی نێودەوڵەتیدایە، بەتایبەت کە هەواڵەکان باس لەخراپیی باری تەندروستی شێروان شێروانیو دەستبەسەرکردنی سەباح ئەتروشیش دەکەن.
چاودێران پرسیارى ئهوهیان ههیه، ئایا جوتیار ڕەسوڵ دەبێتە قوربانییەکی نوێی کپکردنی دەنگەکان، یان لایەنە ئەمنییەکان لەکاتژمێرەکانی داهاتودا بەهەواڵێکی دڵخۆشکەر بێدەنگییەکەیان دەشکێنن؟ چاوەکان هەموو لەسەر ئیدارەی ڕاپەڕینن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە ئێستا لەشەقامی کوردی دەکرێت، ئاخۆ جوتیار ڕەسوڵ لەکوێیە؟.
