شارپرێس:
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعێراق، لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، هیوای سەرکەوتنی بۆ عەلی ئەلزەیدی كاندیدى ڕاسپێردراو بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق خواستوهو پشتیوانیى خۆى بۆ ڕاگهیاندوه.
لەو ڕاگهیهنراوهدا باڵیۆزخانهى ئهمریكا پشتیوانی لەهەوڵەکانی ئەلزەیدی دەکات بۆ بونیادنانی حکومەتێک کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی ویستو داواکارییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق بێتو بەرەو داهاتویەکی گەشترو ئارامتر هەنگاوبنێت.
باڵیۆزخانەکە هاوسۆزی خۆی بۆ گەلی عێراق دەربڕیوە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان، کە گرنگترینیان بریتییە لەپاراستنی سەروەریی عێراقو دوپاتکردنەوەی سەربەخۆیی بڕیارە نیشتمانییەکان، بەهێزکردنی ئاسایشو بەردەوامبون لەهەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی تیرۆرو دابینکردنی سەقامگیریی، بونیادنانی ئابورییەکی گەشەسەندوو، کارکردن بۆ داهاتویەکی پڕ لەدەستکەوتی مادی کە سودی بۆ هەردوو گەلی ئەمریکاو عێراق هەبێت.
ڕاسپاردنی عەلی زەیدی کە کەسایەتییەکی ناسراوی بواری کارو خاوەنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنییە، دوای پێنج مانگ لەچەقبەستویی سیاسیی دێت کە لەدوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی دوەمی 2025وە عێراقی گرتبوەوە، زەیدی ئێستا 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی کابینە وەزارییەکەی پێکبهێنێتو متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
ئەم پشتیوانییەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە وڵاتانی دیکەی وەک بەریتانیا، فەرەنساو ئەڵمانیاش پێشوازییان لەدەستنیشانکردنی ناوبراو کردوەو هیوایانخواستوە ببێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر لەناوچەکەدا.
