شارپرێس:
وەزیری نەوتی ئێران لەپەیامێکی تونددا ڕایگەیاند، هێزی سەربازیی
وڵاتەکەی جیهانی ناچار بەچۆکدادان کردوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە کەشتیگەلی ئەمریکی
گەروی هورمزیان گەمارۆداوە، ئەم لێدوانە کە وەک تەحەدایەکی ڕاستەوخۆو وەڵامێک بۆ گەمارۆ
دەریاییەکان لێکدەدرێتەوە، لەکاتێکی هەستیاری دوای ململانێ خوێناوییەکان دێت.
موحسین پاک نهژاد وەزیری نەوتی ئێران، لەلێدوانێکی
تونددا ڕایگەیاند، "جیهان ناچار بوە سەر بۆ توانا سەربازییەکانمان دابنهوێنێت"،
ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو هێزە بەرگرییەی کە تاران لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردودا
پەرەی پێداوە، ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەناو گێژاوی گرژییەکی بێوێنەدایەو
ململانێی نێوان تارانو واشنتۆن گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار.
لەلایەکی دیكهوه، شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان
ئاشکرایکردوه، وڵاتەکەی لەهەوڵێکی ماراسۆنیی 21 کاتژمێریدا توانیویەتی ڕەزامەندیی
هەردولا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست بەدەستبهێنێت.
شەریف ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران بەردەوامن
بۆ ڕێگریکردن لەتەقینەوەی زیاتری بارودۆخەکە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەسەر ئاستی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندوه، تاران
داوای لێکردون ڕێڕەوی گەروی هورمز بکەنەوە، هەرچەندە ترەمپ بڕیاری درێژکردنەوەی
ئاگربەستەکەیداوە، بەڵام جەختیکردەوە، گەمارۆی دەریایی بۆسەر سەرجەم بەندەرە ئێرانییەکان
بەردەوامدەبێت.
ئەم گەمارۆیە دوای ئەوەهات، دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد
لە 11ی نیسان شکستیانهێنا بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمو کۆنترۆڵکردنی
گەروی هورمز.
ئەم ئاڵۆزییە گەورانە دوای ئەو شەڕە خوێناوییە 40 ڕۆژییە
دێت کە لەکۆتایی شوباتی ڕابردوو دەستیپێکرد، کاتێک ئەمریکاو ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیانکردەسەر
ناوخۆی ئێران.
لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانو
چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژرانو نزیکەی سێ ههزارو 500 کەسیش بونە قوربانیی
کە تاران بەموشەکو درۆن وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە.
