کێشە کەوتە نێوان ئیسرائیل‌و تورکیاوە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1396 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنوێترین پەرەسەندنی بارگرژییەکانی ناوچەکەدا، هێزی دەریایی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لەناوجەرگەی ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا ئەنجامداو دەستی بەسەر کەشتیگەلی خۆڕاگریی جیهانیدا گرت کە بەمەبەستی گەیاندنی هاوکاریی‌و شکاندنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە بەڕێوەبوو.


به‌گوێره‌ى میدیاکانی ئیسرائیل، هێزە دەریاییەکان بەدوری سەدان کیلۆمەتر لەکەناراوەکان، گەمارۆی نزیکەی 50 بەلەمیانداوە کە 400 چالاکوانی نێودەوڵەتییان هەڵگرتبوو.

سوپای ئیسرائیل هۆشداری توندی داوەتە بەلەمەکانی دیکەی ناو کەشتیگەلەکە کە ئەگەر نەکشێنەوە، چارەنوسیان وەک بەلەمە دەستبەسەرکراوەکان دەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، بزوتنەوەی حەماس بەڕێکخەری سەرەکی ئەو جوڵەیە دەزانێت‌و دەڵێت، "ئامانج لەم کەشتیگەلە تێکدانی قۆناغی دوەمی پلانی ئاشتییە"، گرنگیی ئەم ئۆپەراسیۆنە لای تەلئەبیب بەڕادەیەک بوە کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دانیشتنی دادگاییەکەی جێهێشتوە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پێشهاتەکان بکات.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەتوندی هێرشەکەی سەرکۆنە کردو ڕەفتارەکەی ئیسرائیلی وەک "چەتەیی دەریایی" وەسفکرد، تورکیا داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بێدەنگ نەبن‌و هەڵوێستێکی کردەیی دژی ئەم هەنگاوە "نایاساییەی" ئیسرائیل وەربگرن.