شارپرێس:
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە 7٪ بەرزبوەوەو گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لەچوار ساڵی ڕابردودا، لەبەرامبەردا پشکە جیهانییەکان دابەزین دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هۆشداریدا کە گەمارۆی ئەمریکا بۆسەر بەندەرەکانی ئێران ڕەنگە چەندین مانگ بخایەنێت.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەمریکا تاووتوێی بژاردەی سەربازیی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەچەقبەستویی دانوستانە ئەتۆمییەکان، ئەمەش ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکردوە دەربارەی پچڕانی دابینکردنی وزە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نهوتى خاوی برێنت بۆ مانگی حوزەیران بەڕێژەی 7.1٪ بەرزبوهتهوەو گەیشتوهته 126.41 دۆلار، لەکاتێکدا پێش هەڵگیرسانی جەنگ لەمانگی شوباتدا نرخەکەی نزیکەی 70 دۆلار بوو، هەروەها خامی تەکساسی ئەمریکی بەڕێژەی 3.4٪ بەرزبوهتهوەو گەیشتە 110.31 دۆلار.
شارهزایانى ئابورى پێیانوایە، قەیرانەکە لەوە درێژخایەنتر دەبێت کە پێشبینیدەکرا، بەتایبەت کە ترەمپ داوای لەبەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانیی کردوە ئامادەکاریی بۆ گەمارۆیەکی درێژخایەن بکەن.
لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان، چاوەڕواندەکرێت هاوپەیمانی ئۆپیک پڵەس لەکۆبونەوەی ڕۆژی یەکشەممەدا تەنها 188 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنان زیادبکات.
ئەم کۆبونەوەیە دوای کشانەوەی ئیمارات لەڕێکخراوی ئۆپیک دێت، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن ئەم هەنگاوانە کاریگەرییەکی ئەووتۆیان نابێت لەسەر بازاڕ بەهۆی داخرانی گەروی هورمزو بەردەوامی پشێوییەکانی ناوچەکە کە گەورەترین پەککەوتنی دابینکردنی وزەیە لەمێژودا.
ئێستا سەرنجەکان لەسەر کۆبونەوەی ترەمپە بۆ تاووتوێکردنی هێرشی سەربازیی گریمانکراو کە وایکردوە بازاڕی نەوت لەدۆخێکی ناسەقامگیردابێت.
