له‌كابینه‌كه‌ى زه‌یدیدا كێ پشكى شێرى به‌رده‌كه‌وێت؟ زانیاریى گرنگ ئاشكرابوو

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2794 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی یەکلاکردنەوەی حکومەتی نوێی عێراق، عەباس ئەحیال پەرلەمانتاری ئیئتلافی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، ڕایگەیاند کە ئیئتلافەکەیان وەک گەورەترین فراکسیۆنی براوەی هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوو، داوای کەمتر لەپێنج وەزارەت ناکات.


ئەحیال ئاماژەی بەوەشکرد، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، تەنها 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێشکەشکردنی کابینەکەی، پێشبینیشدەکرێت پێش تەواوبونی وادە یاساییەکە، کارنامەو وەزیرەکانی بۆ متمانە وەرگرتن بباتە پەرلەمان.

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، ئێستا کۆبونەوەکان لەلوتکەدان‌و هەمولایەک هەوڵدەدەن به‌گوێره‌ى قەبارەی کورسییەکانیان زۆرترین دەستکەوت لەناو حکومەتدا بچننەوە.

به‌گوێره‌ى ئەو زانیارییانەی دزەیانکردوە، نەخشەی سەرەتایی دابەشکردنی پۆستەکان لەحکومەتەکەی زەیدیی بەمشێوەیەیە:
هاوپه‌یكانى ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان (سودانی): پێنج وەزارەت، لەناویاندا دارایی‌و هاوكات جێگری سەرۆک وەزیران.
دەوڵەتی یاسا (مالیكى): وەزارەتی نەوت‌و وەزارەتێکی خزمەتگوزاریی.
ڕێکخراوی بەدر (هادى عامرى): وەزارەتی ناوخۆ.
ڕەوتی حیکمە (عەممار حەکیم): وەزارەتی پلاندانان.
بزوتنەوەی سادقون (قه‌یس خەزعەلی): وەزارەتەکانی (کار و پیشەسازیی) له‌گه‌ڵ جێگری سەرۆک وەزیران.
پارتی دیموکراتی کوردستان: وەزارەتەکانی (دەرەوە و داد).
حزبی تەقەدوم (محه‌مه‌د حه‌لبوسى): وەزارەتی خوێندنی باڵا.
هاوپەیمانی عەزم: وەزارەتی بەرگریی.

ئەم دابەشکارییە نیشانەی ئەوەیە کە هاوپه‌یمانیه‌كه‌ى سودانی‌و بزوتنەوەی سادقون، پێگەیەکی بەهێزتریان لەناو دەسەڵاتی جێبەجێکردندا دەبێت، لەکاتێکدا کێبڕکێ لەسەر وەزارەتە سیادییەکان هێشتا تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانە.