شارپرێس:
لەنێوان دیمەشقو قاهیرەدا، چیرۆکێکی دەگمەن هەیە کە تێیدا ڕەسەنایەتیی خوێنی کوردیو جوانیی پیتی عەرەبیو جادوی هونەری ڕۆژهەڵاتی تێدا ئاوێتە دەبێت، محەمەد کەمال حوسنی بابا، ئەو ناوەی کە بەشازادەی خۆشنوسان ناسراوە، تەنها هونەرمەندێک نەبوو، بەڵکو بناغەی خێزانێکی هونەریی بوو کە مێژوی عەرەبییان گۆڕیی.
محەمەد حوسنی لەساڵی 1894 لەدیمەشق لەدایکبوو، بەڵام ڕەگو ڕیشەی بۆ ههرێمى كوردستانو نەوەکانی میرنشینی بابان دەگەڕێتەوە، ئەو لەخێزانێکی لێوان لێو لەهونەر گەورەبوو، باوکی (حوسنی بابا) گۆرانیبێژێکی ناسراو بوو، برایەکیشی (ئەنوەر بابا) بەکارەکتەرە میللییەکەی (ئوم کامل) ناوبانگێکی گەورەى لەسوریا بەدەستهێنا.
ئەمیری خۆشنوسان لەبنەڕەتدا خەڵکی سنورى پارێزگاى سلێمانییە لەهەرێمی کوردستان، خێزانەکەی سەر بەمیرنشینی بابان بون کە مێژویەکی دێرینیان لەفەرمانڕەواییکردنی ناوچەی سلێمانیو دەوروبەریدا هەیە، باپیری ئەو لەوێوە کۆچی کردوە بۆ دیمەشقو پاشان خێزانەکەیان لەوێ نیشتەجێبون، تا دواتر محەمەد حوسنی خۆی ڕودەکاتە میسرو دەبێتە یەکێک لەگەورەترین خۆشنوسانی جیهانی عەرەبیو ئیسلامی.
ساڵی 1912 وەرچەرخانێکی مێژویی بوو کاتێک ڕویکردە میسر، لێهاتویی ئەو لەهونەری خۆشنوسیدا گەیشتە ئاستێک کە سوڵتان عەبدولحەمیدی دوەم ئەرکی نوسینەوەی نەخشەکانی (مزگەوتی ئەمەوی) لەدیمەشق پێ سپارد لەکاتی نۆژەنکردنەوەیدا، لەمیسریش، بوە یەکەمین خۆشنوسی ڕۆژنامەو ستۆدیۆكانى سینەما، بەشێوەیەک کە تایتڵی فیلمە کلاسیکییەکان، بێ مۆری دەستی ئەو تەواو نەدەبون.
کاریگەریی بابا تەنها لەنوسیندا نەمایەوە، بەڵکو دوو لەدرەوشاوەترین ئەستێرەکانی پێشکەشی مێژوی هونەر کرد، ئەو باوکی (نەجات ئەلسەغیرە)ی خاوەن دەنگە مەخمەڵییەکەو (سوعاد حوسنی) بوو کە بەسەندرێلای شاشەی عەرەبی دەناسرێت، ئەم ماڵە ببوە قوتابخانەیەکی هونەریی کە تێیدا جادوی خەتو میوزیکو نواندن بەیەکدەگەیشتن.
لەساڵی 1969 لەقاهیرە، ئەم پیاوە گەورەیە ماڵئاوایی لەژیان کرد، بەڵام ناوەکەی وەک شازادەیەکی کورد کە پیتی عەرەبیی کردە تابلۆیەکی جیهانیی، بەزیندویی مایەوە، محەمەد حوسنی بابا تەنها خۆشنوس نەبوو، بەڵکو پردێک بوو لەنێوان ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی خۆییو داهێنانی مرۆیی لەناوەندی جیهانی عەرەبیدا.