شارپرێس:
لەکاتێکدا عەلی زەیدی وەک دەموچاوێکی تهكنۆكرات ئامادەکاریی بۆ چونە ناو تەلاری ئهنجومهنى وهزیران دەکات، چوارچێوەی هەماهەنگی لەناو یارییەکی سیاسیی ئاڵۆزدایە، ململانێکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتونەتە لوتکەو کێشەی سەرەکییش ئەوەیە، ئایا گروپە چەکدارەکان بەفەرمی دەبنە بەشێک لەبڕیاری سیاسی، یان چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن؟.
ئهمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوەیەکی بهپهله لەشارى بەغدا ئەنجامدەدات بۆ تاووتوێکردنی میکانیزمەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ناکۆکییە سیاسییەکان سەبارەت بەدابەشکردنی پۆستەکان بەردەوامن دوای ڕێککەوتن لەسەر عەلی زەیدی وەک كاندیدى پۆستى سەرۆک وەزیران.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لهوبارهیهوه ڕایگهیاندوه، "کۆبونەوەی پێشوی چوارچێوەی هەماهەنگی گەواهی گفتوگۆی چڕبوو سەبارەت بەدۆسیەی بەشداریی گروپە چەکدارەکان لەحکومەتی نوێدا، تێیدا ڕوانگەی جیاواز لەنێوان لایەنەکاندا خرایەڕوو؛ هەندێکیان داوای بەشداریکردنیان دەکرد لەچوارچێوەیەکی سیاسیی فەرمیداو هەندێکی دیكهش جەختیان لەسەر پێویستی جیاکردنەوەی کاری سیاسییو سەربازیی دەکردەوە".
ئهو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردوه، "هەر لەو کۆبونەوەیەدا باس لەمیکانیزمەکانی وهرگرتنهوهى چەک لەو گروپانە یان ڕێکخستنیان لەچوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کرا، لەڕێگەی پێشنیازگەلێک کە ڕادەستکردنی چەکی گروپەکان بەحەشدی شەعبی وەک دامەزراوەیەکی فەرمی، یان ملکەچکردنیان بۆ ڕێکارە یاساییو کارگێڕییەکان کە گەرەنتی مانەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بکات، لەخۆدەگرت، ئەم دۆسیەیە هێشتا جێگەی ناکۆکییەو یەکلایی نەکراوەتەوە".
ئەو کۆبونەوەیە وەک تەواکەری خولەکانی پێشوی گفتوگۆکان دێت کە نەگەیشتونەتە بڕیاری کۆتایی، ئەوەش لەنێوەندی فشارە کاتیو سیاسییەکان بۆ خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنان، بەتایبەت لەگەڵ زیادبونی تەحەدییە ئابورییو ئەمنییەکان لەوڵاتدا.
چاوەڕواندەکرێت کۆبونەوەكهى ئهمڕۆ جەختبکاتەوە لهسەر لێکنزیککردنەوەی ڕوانگەی لایەنە سیاسییەکانو دانانی نەخشەڕێگایەکی ڕون بۆ پێکهێنانی حکومەت لەماوەی دەستوریدا، بەجۆرێک کە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی چەکو ڕۆڵی گروپە چەکدارەکان، لەگەڵ ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی حکومەتو شێوەی هاوپەیمانییەکانی داهاتوو بگرێتەوە.
ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەنجامی کۆبونەوەکە لەدیاریکردنی ئاراستەی قۆناغی داهاتوو و خێراکردنی تەبایی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکومەت یەکلاکەرەوەبێت.
ئهمهش لهكاتێكدایه، دوای چەندین مانگ لەڕاوێژو ناکۆکی لەنێوان گەورەترین کوتلە پەرلەمانییەکاندا، نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عێراق عەلی زەیدی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵات، ئەمەش دوای ئەوەهات کە لەکۆبونەوەی دوشەممەی ڕابردوی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەغدا ناوی ناوبراو دیاریکرا.
زەیدی پێشتر هیچ پۆستێکی سیاسیی لەعێراقدا وەرنەگرتوە، بەڵام ژیاننامە بڵاوکراوەکانی ئاماژە بەوەدەکەن، خاوەنی ئەزمونێکی هەمەجۆری یاسایی، داراییو کارگێڕییە، ئەوەش لەڕێگەی بەڕێوەبردنی چەندین دامەزراوەی ئابوریی، پەروەردەییو تەندروستییەوە.
زەیدی خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لەیاساو بەکالۆریۆسو ماستەر لەداراییو كاروبارى بانکیدا، ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراقەو لەئێستادا سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای نیشتمانیی هۆڵدینگە کە خاوەندارییەتیو بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک کۆمپانیا بەچالاکی جیاوازەوە دەکات.
لەئێستادا جوڵە سیاسییەکان لەعێراق خێراتربون لەگەڵ نزیکبونەوەی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت، هاوکات ئاماژەکان بۆ لێکتێگەیشتنی سەرەتایی سەبارەت بەدابەشکردنی وەزارەتەکان دەچن، ئەمەش دوای کۆبونەوەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاووتوێکردنی شێوەی حکومەتی داهاتوو.
