راپۆرتێکی رووسی: جەنگی ئێران بنەکانی یاریی لەدژی هێزە باڵادەستەکان گۆڕی

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 125 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:
بەگوێرەی راپۆرتێکی شیکاریی رۆژنامەی "کۆمێرسانت"ی رووسی، کە لەلایەن ئەنجومەنی کاری رووسیا-ئێران ئامادەکراوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە دوای 2 مانگ لە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پلانی "جەنگی بروسکەئاسا" بە تەواوی شکستی هێناوە.

لەراپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە سەرەڕای باڵادەستیی سەربازیی و تەکنۆلۆژیی واشنتۆن و تەلئەبیب، نەیانتوانیوە ئامانجە سەرەکییەکانیان بپێکن و تاران نەک هەر خۆی گرتووە، بەڵکو شەڕەکەی گۆڕیوە بۆ جەنگێکی درێژخایەنی تاقەتپڕوکێنەر کە کەلێنە گەورەکانی ستراتیژیی ڕۆژئاوای دەرخستووە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا هێشتا هیوای بە گۆڕینی هاوکێشەکان ماوە، بۆیە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2003وە، 3 گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری لە ناوچەکە جێگیر کردووە و دۆناڵد ترەمپ فەرمانی تەقەکردنی ڕاستەوخۆی بۆ هەر بەلەمێکی جەنگیی ئێرانی دەرکردووە کە خەریکی چاندنی مین بن.

رۆژنامەکە پێیوایە ئەم نمایشە سەربازییە نیشانەی هێز نییە، بەڵکو دانپێدانانە بە گەیشتنی ئەمریکا بە بنبەست لە کێشەکاندا.

ئەوەش هاتووە: مۆسکۆ لە سەرەتاوە پشتگیریی خۆی بۆ تاران دەربڕیوە و جەختی لە چارەسەری ئاشتییانە کردۆتەوە، ئەم ململانێیەش بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێکهاتەی جیهان؛ هەر لایەنێک بتوانێت نەخشەیەکی ئەمنیی سەقامگیر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیار بکات، داهاتوو دیاری دەکات.

لەکۆتاییدا دەڵێت: تا ئێستا هیچ لایەنێک پڕۆژەیەکی لەو شێوەیەی نییە، بەڵام ئێران لەم 2 مانگەدا سەلماندی کە ئەکتەرێکی بەهێزە و بە گەمارۆ ناچەمێتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە یاساکانی یارییەکە بە زیانی هێزە باڵادەستەکان دەگۆڕێن.

بەپەلە