شارپرێس:
سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی تورک و پەیڕەوی ئایینی یارسان، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل بە شێوەیەکی نهێنی بجێبەجێ کرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بناسر بەکرزادەی تەمەن ٢٦ ساڵ و یەعقووب کەریمپوور لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دران.
ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممە لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا و بە پاساوی وەک "ناردن بۆ پزیشکی داد" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی جێبەجێکردنی سزاکان" بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوونەوە.
ناسر بەکرزادە بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی ئورمیە کە لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشەوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. سزاکەی لە ڕەوتێکی خێرادا و تەنیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بۆ جاری سێیەم پشتڕاست کرابووەوە.
یەعقووب کەریمپوور دەرچووی بەشی یاسای گشتی، خەڵکی میاندواو، هاووڵاتیی تورک و پەیڕەوی ئایینی یارسان کە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو و مانگی ڕابردوو لە لقی ٩ی دیوانی باڵا سزاکەی پشتڕاست کرابووەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جێبەجێکردنی ئەم سزایانە بە کوشتنی حکوومی و بە پێچەوانەی تەواوی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەزانێت. سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە و یەعقووب کەریمپوور لەکاتێکدا جێبەجێکراوە کە دۆسیەکانیان پڕ بووە لە ناڕوونیی یاسایی و دانپێدانانەکانیان لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیرابوو.