وەزیری بازرگانی ئەمریکا: سەردەمی هێزی کاری هەرزان کۆتاییهات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 954 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەبەردەم کۆمەڵێک وەبەرهێنەری جیهانی‌و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان لەلوتکەی "SelectUSA" هۆوارد لوتنیک وەزیری بازرگانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکان چوەتە ناو سەردەمی زێڕینی وەبەرهێنان، ده‌شڵێت، "سەردەمی هێزی کاری هەرزان کۆتاییهات".


لوتنیک لەکاتی لوتکەکەدا جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرکەوتوو بوە لەگۆڕینی ئەمریکا بۆ سەرنجڕاکێشترین شوێن بۆ دروستکردنی کارگەو پەرەپێدانی تەکنەلۆژیاو زنجیرەکانی دابینکردن".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "مۆدێلی کۆنی کارکردن کە بەدوای هەرزانترین شوێنی بەرهەمهێناندا دەگەڕا، بەسەرچوە، ئێمە هاوکێشەکەمان پێچەوانە کردەوە، ئێستا پرسیارەکە ئەوەنییە لەکوێ بەهەرزانترین نرخ بەرهەم بهێنم، بەڵکو ئەوەیە لەکوێ گەورەترین بازاڕی بەکاربەرو باشترین سیستەمی یاسایی بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتی فکری‌و کارامەترین‌و بەرهەمدارترین هێزی کار بدۆزمەوە".

وەزیره‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ لەکاتی کردنەوەی فەرمی لوتکەکەدا، ئامارێکی گەورەی ئاشکراکردوه‌ کە نیشانەی متمانەی زۆرە بەئابوری وڵاته‌كه‌یى‌و ئاماژەی بەپابەندیی وەبەرهێنان کردوه‌ بەبڕی چه‌ندین تریلیۆن دۆلار لەڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی کۆشکی سپیەوە، کە گرنگترینیان سەدان ملیار دۆلار لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا (Hyperscalers)، وەبەرهێنانی گەورە لەلایەن کۆمپانیا جیهانییەکان وەک "TSMC" بۆ دروستکردنی کارگەی پێشکەوتوو لەناو ئەمریکا، له‌گه‌ڵ ڕاگەیاندنی وەبەرهێنان بەبەهای 400 ملیار دۆلار لەکەرتی پیشەسازیی دەرمان‌و 700 ملیار دۆلار لەژێرخانی وزە.

ئاشکراشیکردوه‌، هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە هەیە بۆ ئاسانکردنی پێدانی ڤیزای (L-1) بەوەبەرهێنەرە بیانییەکان، تا بتوانن کارمەندە سەرەکییەکانیان بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکانیان بهێننە ئەمریکا.

بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، وەزیرى بازرگانى ئه‌مریكا باسى له‌وه‌شكردوه‌، "سیاسەتی ئەمریکا لەپێش هەموانەوە، ئامانجی بەهێزکردنی بنکەی پیشەسازیی نیشتمانیی‌و ئاسایشی نەتەوەییە، بەڵام پێشوازیی لەهەموانیش دەکات، ئێمە دەمانەوێت کاڵاکان لێرە بەرهەمبهێنرێن، نەک تەنها لەبەر هەلی کار، بەڵکو بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشمان لەکەرتەکانی موشەک، کانزا دەگمەنەکان‌و دەرمان، ویلایەتە یەکگرتوەکان منارەکەیەو گەشەسەندنی ئەو بۆ سەقامگیریی جیهان پێویستە".

بەپەلە