شارپرێس ـ تایبهت:
لەکاتێکدا تاران لەبەردەم هەڕەشەی هەرەسی ناوخۆییو گەمارۆ نێودەوڵەتییەکاندا
چارهنوسى نادیاره، جارێکی دیکە گەمەی کوردکوشتن بەدەستی کورد دەکاتەوە بەستراتیژی
مانەوەی خۆی، چاودێران پێیانوایه، دروستکردنی هێزێکی بەکرێگیراو لەژێر ناوی پیرۆزی
(پێشمەرگە)دا، تەنها هەوڵێکی سەربازیی نییە بۆ سەرکوتی خەڵک، بەڵکو تیرۆرکردنی
شوناسو مێژوی نەتەوەیەکە کە دەیان ساڵە خوێن بۆ ئەو ناوە دەبەخشێت"، جهختیشدهكهنهوه،
"ئەمەش برینێکی نوێیە لەجەستەی نیشتمانێکدا کە هێشتا شوێنەواری خەنجەری جاشایەتی
ئەنفالی پێوەدیارە؛ گەمەیەکی مەترسیدار کە دەیەوێت جەلادو قوربانیی لەیەک سەنگەردا
کۆبکاتەوە تا ڕێگە لەمێژوو بگرێت لەوەی بەرەو ئازادی هەنگاوبنێت".
لەکاتێکدا مێژوی گەلی کورد پڕە لەچیرۆکی خۆڕاگریی، لاپەڕە تاریکەکانی خۆخۆرییو
ملکەچی، جارێکی دیکە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرهەڵدەدەنەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران،
لەهەنگاوێکی نوێدا بۆ دامرکاندنەوەی دەنگی ناڕەزایەتییەکان، پەنای بۆ دروستکردنی هێزێکی
چەکدار بردوە کە سەرلەبەریان لەنەتەوەی کوردن، بەڵام لەژێر فەرمانی سوپای
پاسداراندا کاردەکەن.
دزینی ناوە پیرۆزەکان
ئەو هێزەی کە ناوی (پێشمەرگەی موسڵمان)ی لێنراوە، لەلایەن چاودێرانی سیاسییەوە
وەک "تەقاندنەوەی بۆمبێکی دەرونی" لەناو جەرگەی کۆمەڵگەی کوردیدا دەبینرێت،
بەکارهێنانی وشەی "پێشمەرگە" کە سیمبولی ئازادیو قوربانییە بۆ گهلى
کورد، وەک هەوڵێک بۆ شێواندنی شوناسی نەتەوەییو چەواشەکردنی ڕای گشتیی لێکدەدرێتەوە.
سێ کوچکەی سەرکوت.. لەورمێوە بۆ کرماشان
بهگوێرهى زانیارییە تایبەتەکانی شارپرێس، ئەو هێزانە لەسێ بنکەی سەرەکی لەشارەکانی
ورمێ، سنەو کرماشان جێگیرکراون، ئەرکی ئەو گروپانە تەنها پاراستنی ئهمنیهت نییە،
بەڵکو وەک بەکرێگیراوی ناوخۆیی لەسێ ئاستی مەترسیداردا بەکاردەهێنرێن، ئهوانیش، ڕوبەڕوبونەوەی
ڕاستەوخۆی خۆپیشاندەرانی کورد لەشارەکاندا، کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر چالاکوانانو
خێزانەکانیانو بەکارهێنانیان وەک قەڵغانی مرۆیی یان هێزی پێشڕەو بۆ هێرشکردنەسەر
بنکەکانی لایەنە کوردییەکان لەهەرێمی کوردستان، یاخود ڕوبهڕوبونهوهى ههر جوڵهیهكى
هێزهكانى ڕۆژههڵاتى نیشتمان لهههر گۆڕانكارییهك لهناوخۆى ئێراندا.
منداڵان لەناوجەرگەی جەنگدا
یەکێک لەناخهەژێنترین زانیارییەکان، پەنابردنی ڕژێمى ئێستاى ئێرانه بۆ چەکدارکردنی
منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ، ئەمە نەک هەر پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە،
بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێکدانی شیرازەی خێزانیو پەروەردەکردنی نەوەیەک کە چەک لەسەر
هاوزمانو هاونیشتمانییەکانی خۆی هەڵبگرێت.
تارمایی ئەنفالو وانەکانی مێژوو
شرۆڤەکاران بەنیگەرانییەوە ئاماژە بەساڵی 1988 دەکەن؛ ئەوکاتەی ڕژێمی بەعس
لەڕێگەی 600 هەزار جاشەوە گوندەکانی باشورى کوردستانی وێرانکردو شاڵاوە بهدناوهكانى
ئەنفالی ئەنجامدا، ئێستا مێژوو لەڕۆژهەڵات خەریکە خۆی دوبارەدەکاتەوە، بۆ ئهوهش
چاودێران دەڵێن، "ئەگەر خیانەتی ناوخۆیی نەبوایە، خەونی سەربەخۆیی زۆر لەمێژبوو
دەبوە ڕاستیی".
ترس لەهەرەس
ئەم جوڵە نوێیانەی تاران، لەدیدی سیاسییەکانەوە نیشانەی هێز نییە، بەڵکو نیشانەی
ئەو ترسە گەورەیەیە کە ڕژێم لەهەرەسی خۆی هەیەتی، تاران دەیەوێت بەچەکدارکردنی بەشێک
لەخەڵکی هەژارو لێقەوماو، شەڕەکە لە(گەل-دەسەڵات)ەوە بگۆڕێت بۆ (کورد-کورد)، تا تەمەنی
خۆی پێ درێژبکاتەوە.
مێژوو بەزەیی بەخیانەتدا نایەتەوە
ئەوەی ئێستا لەڕۆژهەڵاتی نیشتمان دەگوزەرێت، تەنها تاقیکردنەوەیەکی سەربازیی
نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەی ڕەوشتیو نەتەوەییە، مێژوو سەلماندویەتی کە چەکو
پارەی داگیرکەران هەرگیز نەبونەتە قەڵغان بۆ پاراستنی نۆکەران لەتوڕەیی گەل، چونکە
کاتێک تۆفانی ڕاپەڕین هەڵدەکرێت، یەکەم کەس کە لەلایەن ڕژێمەکانەوە دهكرێنه
قوربانیی، دەستکەلا ناوخۆییەکانن.
ئەمڕۆش، وهكو چاودێران دهڵێن، "بانگەوازی ویژدان ڕوی لەوکەسانەیە کە
لەژێر فشار یان فریودانی مادیدان بۆئهوهى ببنه بەشێک لەو هێزە، ئهویش ئهوهیه
تفەنگەکانتان ڕوو لەسینەی براکانتان مەکەن، چونکە ئەو گولـلەیەی بەنیشتمانەوە دەنرێت،
پێش هەموو کەس جەستەی کەرامەتی خۆتان دەپێکێت".
ئهوهش دهڵێن، "پێویستە هەموان بزانن کە ناوی پێشمەرگە تەنها لای ئەوانە
دەمێنێتەوە کە بۆ ئازادیی خاک دەجەنگن، نەک ئەوانەی بونەتە ئامرازی سەرکوت لەدەستی
نەیارانی خاکدا، ڕزگاریی کورد تەنها لەیەکگرتوییدایەو هەر دیوارێک بەخۆفرۆشی
دروستبکرێت، پاشەڕۆژی نەوەکانمان دەخاتە ژێر داروپەردوی ماڵوێرانی وەک ئەوەی لەئەنفالدا
بینیمان".
