موحسین ڕەزایی: چارەنوسی هێزه‌كانى ئه‌مریكا وەک تەبەس‌و ئەسفەهان دەبێت نه‌ك نۆرماندی‌و سیسیلیا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیوا موحسین ڕەزایی ئەندامی کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی‌و ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری باڵای ئێران، هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەمریکاو جەخت لەسەر ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دەکاتەوە.


ڕەزایی لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نوسیویه‌تى، "سەرۆکی ئەمریکاو وەزیری جەنگ‌و سوپاسالاری ئەو وڵاتە، خەیاڵەکانی خۆیان وەک دەستکەوت نیشانی خەڵک دەدەن".

ڕاشیگەیاندوە، "هەر ڕوبەڕوبونەوەیەک لەگەڵ ئێران، وەک ئۆپەراسیۆنەکانی نۆرماندی یان سیسیلیا نابێت، بەڵکو بۆ هێزە ئەمریکییەکان هاوشێوەی شکستەکانیان دەبێت لەتەبەس‌و ئەسفەهان".

مەبەستی لەناوهێنانى نۆرماندی (Normandy)و سیسیلیا (Sicily) ئاماژەیە بۆ دوو گەورەترین‌و سەرکەوتوترین ئۆپەراسیۆنی دابەزینی هێزە دەریایی‌و ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان (بەسەرکردایەتی ئەمریکاو بەریتانیا) لەکاتی شەڕی دوه‌مى جیهانیدا، نۆرماندی له‌ساڵى 1944 ناسراوە بەڕۆژی گەورەترین دابەزینی دەریایی لەمێژودا کە بوە هۆی ڕزگارکردنی فەرەنساو سەرەتای شکستی ئەڵمانیای نازی، سیسیلیا له‌ساڵى 1943 ئۆپەراسیۆنی هەسکی (Operation Husky) بوو کە تێیدا هاوپەیمانان دابەزینە سەر دورگەی سیسیلیای ئیتاڵیاو بوە هۆی ڕوخانی ڕژێمەکەی مۆسۆلینی.

هاوكات بەکارھێنانی ناوی تەبەس‌و ئەسفەهانیش لەپه‌یامه‌كه‌ى ڕه‌زاییدا، وەک هێمایەک بۆ تێکشکانی هێزەکانی ئەمریکا بەکاردێت، ئه‌ویش مێژوه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى 1980، ئاماژەیە بۆ شکستی ئۆپەراسیۆنی (چنگی هەڵۆ) کە تێیدا فڕۆکەو هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا لەبیابانی تەبەس بەهۆی گەردەلولەوە تێكشکان‌و ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی بارمتەکان شکستیهێنا.

هه‌روه‌ها ئەسفەهان-یش له‌ئادارى ئه‌مساڵدا ئاماژەیە بۆ ڕوداوە نوێیەکانی ئەمدواییە کە تێیدا هێزە ئێرانییەکان توانیویانە ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی هێزە ئەمریکییەکان پوچەڵبکەنەوەو زیانی گەورەیان پێبگەیەنن.

ئەم لێدوانانەی ڕەزایی لەکاتێکدایە، بەرپرسانی ئەمریکاو خودی دۆناڵد ترەمپ، چەندینجار بانگەشەی ئەوەیانکردوە کە توانا دەریایی‌و ئاسمانییەکانی ئێرانیان لەناوبردوە، بەڵام ڕاوێژکارەکەی ڕێبەری ئێران ئەو قسانە بە"خەیاڵ‌و وەهم" ناودەبات.