شارپرێس:
لەپێشهاتێکی مەترسیداردا کە ئەگەری گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە دەکرێت، فەرماندەکانی پنتاگۆن ڕایانگەیاند، تەواوی هێزەکانیان لەحاڵەتی ئامادەباشی تەواودان، دهشڵێن، تەنها چاوەڕێی واژۆیەک یان فەرمانێکی دۆناڵد ترەمپ دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە گەورەکان دژی ئێران.
ئەم ئامادەکارییانە دوای ئەوەدێن، هەوڵە دیپلۆماسییەکان گەیشتونەتە بنبەستو سوپای ئەمریکا پلانێکی چڕوپڕی بۆ پێکانی ئامانجە ستراتیژییەکان ئامادەکردوە.
لهوبارهیهوه ژەنراڵ دان کین سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ئاشكرایكردوه، تهواوى سوپای وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران، تەنها چاوەڕێی فەرمانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەن.
ژەنراڵ دان کین دهڵێت، "بهههر شێوهیهكه دهمانهوێت پڕۆژهى ئازادى بچێته بوارى جێبهجێكردنهوه، چونكه ئامانجهكهى پاراستنی ڕێڕەوی کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانە لەگەروی هورمز، ئێران دهستیكردوه بهبهئامانگرتنى کەشتییە بازرگانییەکانو دەیەوێت ئابوریی جیهان بەبارمتە بگرێت".
ئهوهشى وت، "زیاتر لەههزارو 500 کەشتی بازرگانیو 22 هەزار دەریاوان لەدەریای عەرەب گیریانخواردوە، لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، ئێران نۆ جار تەقەی لەکەشتییە بازرگانییەکان کردوەو زیاتر لە 10جاریش هێرشیکردوەتەسەر هێزەکانی ئەمریکا، دەستپێکردنەوەی شەڕی سەرتاسەری بەستراوەتەوە بەبڕیارێکی سیاسیی، ئەگەرچی تائێستا هێرشەکانی ئێران نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی کە شەڕی گەورەی لێبکەوێتەوە".
خەڵکی ناوچەکە بەدڵەڕاوکێوە دەڕواننە ئەم دۆخە، چونکە هەر فەرمانێکی نوێ لەکۆشکی سپییەوە دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی ئاگرێکی گەورە کە کاریگەرییەکەی هەموو ماڵێک دەگرێتەوە.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ترەمپ بژاردەی شەڕ هەڵدەبژێرێت یان جارێکی دیكه ڕێگە بەدیپلۆماسی دەداتەوە؟