مەزڵوم عەبدی: کاردەکەین بۆ گەڕانەوەی سەربەرز و بێ مەترسی ئاوارەکانی سەرێکانیێ

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 128 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی، و هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ئیلهام ئەحمەد، لەگەڵ شاندێکی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانیێ کۆبوونەوە.

 

لەکۆبوونەوەکەدا، دوای گوێگرتن لە کۆمیتەکە و داواکارییەکانیان، گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی گشتیی شارەکە و گوندەکانی، بارودۆخی ئاوارەکان و میکانیزمەکانی ڕێکخستنی گەڕانەوەیان کرا.

مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، دۆسیەی ئاوارەکانی سەرێکانیێ لە سەرجەم کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دەخرێتە بەرباس و بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت بۆ گەرەنتی گەڕانەوەی دانیشتووانی سەرێکانیێ بۆ شارەکە و گوندەکانیان، بە شێوەیەکی ئارام و سەربەرزانە و بەبێ هیچ مەترسییەک.

لەکۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان جەختیان لەسەر پێویستیی زیاترکردنی هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە لەپێناو خێراکردنی هەنگاوەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان.

هەروەها ڕێککەوتن کرا لەسەر بەدواداچوون بۆ کاری هاوبەشی نێوان کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانیێ و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە قۆناغی داهاتوودا.