پارتی گەڕانەوەی بۆ بەغدا ڕاگەیاند

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 136 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

 

شارپرێس:

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت"دەگەڕێینەوە بۆ کار و چالاکییەکانمان لە پەرلەمانی عێراق".

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، فراکسیۆنەکەمان بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی لە پەرلەمانی عێراق.

دەقی راگەیەندراوەکە:

راگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە
پاڵپشت بەو متمانە نیشتمانییەی گەلەکەمان پێی بەخشیوین، وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئامادەیی و هەڵوێستە سیاسییەکانمان لە پڕۆسەی یاسادانان و چاودێریدا، ئامرازێک بووە بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی سەرجەم هاوڵاتییانی عێراق و لە نێویشیاندا مافە رەواکانی گەلی کوردستان، هاوكات بۆ چەسپاندنی پایەکانی هاوبەشییر راستەقینە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.

لێرەوە بە رای گشتی رادەگەیەنین، دوای دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت و شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی پارتیمان، و لە درێژەی ئەم هەوڵانەشدا سەردانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری ریشەیی؛ فراکسیۆنەکەمان بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەم گەڕانەوەیەمان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانییەوە دێت، تاوەکو لە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە لە نزیکەوە چاودێری جێبەجێکردنی ئەورڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە بکەین کە تایبەتن بە دابینکردنی مافە دەستووری، یاسایی و داراییەکان. هاوكات دووپاتی دەکەینەوە کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردندا دەبین بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و لە نێوانیشیاندا مافە رەواکانی گەلی کوردستان.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
 ٦ی ئایاری ٢٠٢٦