ئێران لەماوەی ئاگربەستدا چۆن کاری لەسەر جبەخانە موشەکییەکەی کردوە؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1090 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی "ئەلحوڕە"ی ئەمریکی، تەنها چەند هەفتەیەک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، سوپای پاسدارانی ئێران گەڕاوەتەوە بۆ ناو مەیدانی نمایشە سەربازییەکان و نیشاندانی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە ناو جەرگەی شارەکاندا. 


راپۆرتەکە دەڵێت: تاران لە ڕێگەی ئەم ئاڵنگارییانەدا و لێدوانی فەرماندە باڵاکانییەوە، هەوڵ دەدات ئەو پەیامە بە جیهان بگەیەنێت کە سەرەڕای ئەو گورزە توندانەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەر ژێرخانە سەربازییەکەی کەوتووە، هێشتا "باڵی موشەکی" و تۆڕی درۆنەکانی وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی لە هاوکێشەی ڕێگریی و بەرگریی وڵاتەکەدا ماونەتەوە.

لەراپۆرتەکەدا هاتووە، "لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی 2026، ئاژانسی "تەسنیم"ی نزیک لە سوپای پاسداران، گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەید مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پڕۆسەی نۆژەنکردنەوە و پڕکردنەوەی کۆگا موشەکییەکان بە خێراییەکی زۆر بەردەوامە. 

موسەوی دەڵێت، "لە ماوەی ئاگربەستدا، بە خێرایی ئەوان بۆ نۆژەنکردنەوەی سەکۆکانی هەڵدان و بەرهەمهێنانی درۆنەکان، تەنانەت لە سەردەمی پێش جەنگیش زیاتر بووە. ئەم لێدوانانە وەک هەوڵێک دەبینرێن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو هێرشانەی کە پێگەی سەربازی ئێرانیان کردبووە ئامانج".

بەڵام ڕاپۆرتەکەی "ئەلحوڕە" ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دیمەنە لە پشت پەردەوە ئاڵۆزترە، بەشێوەیەک تال عنبار، پسپۆڕی ئیسرائیلی لە کاروباری موشەکی، پێی وایە ئەو جووڵانەی ئێران زیاتر "کارێکی ئەندازیاری و ڕووکارییە" نەک بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە. 

عنبار دەڵێت ئەو هێرشانە بوونە هۆی داڕمانی زەوی لە دەوروبەری "شارە موشەکییەکان" و دەروازەی تونێلەکان، ئێستاش ئێران تەنیا خەریکی لادانی خۆڵ و خاشاکە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو چەکانەی لە ناوەوە ماونەتەوە بیهێنێتە دەرەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی وەک "پارتی ئازادیی کوردستان" باس لەوە دەکەن کە تاران ئاگربەستی قۆستووەتەوە بۆ گواستنەوەی پارچەی هەڵوەشاوەی موشەک و درۆن بۆ گروپە هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا و لوبنان. بەڵام شارەزایانی وەک علا‌و النشوع دەڵێن سزا نێودەوڵەتییەکان ڕێگرێکی گەورەن لەبەردەم پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەک سووتەمەنی ڕەق، کە پێویستی بە وردکاری و کاتی زۆر هەیە و لە چەند هەفتەیەکدا ئەنجام نادرێت.

ئەوەش هاتووە: ئەم نمایشە لێڵ و ناڕوونانەی تاران، نیشانەی ئەوەن کە کۆماری ئیسلامیی دەیەوێت بەرنامە موشەکییەکەی وەک "هێڵی سوور" بهێڵێتەوە و بە هیچ جۆرێک نایەوێت بیخاتە ناو دانوستانەکانەوە، تەنانەت ئەگەر فشارەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەشی چڕ ببنەوە.

لەکۆتاییدا راپۆرتەکە دەڵێت: پرسیارە گەورەکە ئەوەیە کە ئایا تاران دەتوانێت لە ژێر چاودێرییەکی توند و سزای ئابوورییدا، بەڕاستی ئەو کورتهێنانە گەورەیە قەرەبوو بکاتەوە کە جەنگ لە جبەخانەکەیدا درووستی کردووە.

بەپەلە