شارپرێس:
لەکاتێکدا یەکگرتوی ئیسلامی هاوپەیمانییەکی نوێ لەگەڵ یەکێتیی لەبەغدا ڕادەگەیەنێت، عەلی حەمەساڵح بەتوندی دەچێتە سەنگەری دژایەتییەوەو بەشداریکردنی ڕەوتی هەڵوێست لەو کۆبونەوەیە بەهەڵەیەکی گەورەو مردن لەسیاسەتدا ناودەبات، ئەمەش کێبڕکێی نێوان ئۆپۆزسیۆنو دەسەڵات دەباتە قۆناغێکی نوێوە.
ئێستا ناکۆکیی کەوتوەتە نێوان یەکگرتوی ئیسلامیو ڕەوتی هەڵوێست لەسەر سروشتی کۆبونەوەیەکی ئەمدواییەیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیو چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەغدا.
عومەر محەمەد ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەبەغدا، زانیارییەکی نوێی ئاشکراکردوەو ڕایگەیاندوە، هەریەک لەیەکگرتوو، کۆمەڵو هەڵوێست پێکەوە سەردانی بافڵ تاڵەبانییان کردوەو بڕیاریانداوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەماهەنگی بکەن، ئەم لێدوانە وەک ئاماژەیەک بۆ دروستبونی بەرەیەکی نوێی سیاسیی لێکدرایەوە.
بەڵام کاردانەوەی ڕەوتی هەڵوێست خێرابوو، عەلی حەمەساڵح سەرۆکی ڕەوتەکە، لەڕونکردنەوەیەکدا داوای لێبوردنی لەلایەنگرانی کردو بەشداریکردنی لەو وەفدە بەهەڵە ناوبرد، عەلی حەمەساڵح جەختیکردەوە، مەبەستی ئەوان تەنها گەیاندنی پڕۆژە 20 خاڵییەکەیان بوە بۆ مافەکانی خەڵک بەچوارچێوەی هەماهەنگی، نەک بون بەبەشێک لەپڕۆژەی سیاسیی هیچکام لەحزبەکانی دەسەڵات.
بهگوێرهى گێڕانەوەی عەلی حەمەساڵح کۆبونەوەکە وەک کۆبونەوەی سەرجەم لایەنە کوردییەکان لەماڵی نوری مالیکی بۆ باسی بەرنامەی حکومەت ڕێکخرابوو، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبونی پارتی، یەکێتیی وەک سەرۆکی وەفدەکە خۆی وێناکردوە، ناوبراو دەڵێت، "دەکرێت لەسیاسەت بمرین، بەڵام هەرگیز نابینە بەشێک لەپڕۆژەی ستەمکاریی هیچکام لەم دوو حزبە (پارتیو یەکێتیی)".
لەئێستادا، ڕەوتی هەڵوێست لەڕێگەی یاداشتێکی فەرمییەوە بەناوی 10 پەرلەمانتار، داوای لەچوارچێوەی هەماهەنگی کردوە کە وەک لایەنێکی سەربەخۆو بهگوێرهى بەرنامەکەی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، نەک لەژێر سێبەری هیچ هێزێکی دیکەدا.
