شارپرێس:
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) یەکەمین کۆمەڵە لەدۆسیە حکومییەکانی پەیوەست بەتەنە فڕیوە نەناسراوەکانو "دیاردە ئاسمانییە دیارینەکراوەکان"ی بڵاوکردەوە، ئەم هەنگاوەش دوای بەڵێنەکانی دۆناڵد ترەمپ دێت بۆ ئاشکراکردنی بەڵگەنامە "زۆر سەرنجڕاکێشەکان" دەربارەی دۆسیەیەک کە چەندین دەیەیە بوهتە جێی مشتومڕ.
ئەوەی ئێستا بڵاوکراوەتەوە، قۆناغی یەکەمەو 162 فایل لەخۆدەگرێت کە بریتین لەبەڵگەنامەکانی FBI بروسکە کۆنەکانی وەزارەتی دەرەوە، دەقەکانی گەشتە ئاسمانییەکانی ناساو وێنەی تەنە ناڕونەکان.
پنتاگۆن ئاماژەی بەوەکردوە، هاوڵاتیان دەتوانن بەبێ مۆڵەتی ئەمنیی ئەم زانیارییە نادیارانە ببیننو لەداهاتوشدا بەڵگەنامەی زیاتر بڵاودەکرێنەوە.
لەنێو ئەم دۆسیانەدا، چاوپێکەوتنێکی (FBI) لەگەڵ فڕۆکەوانێکی درۆن هەیە کە لەسێپتێمبەری 2023 تەنێکی درێژکۆڵەی بینیوە کە تیشکێکی بەهێزی لێوە هاتوەو دوای 10 چرکە ون بوە، هەروەها وێنەیەکی ئەرکی "ئەپۆلۆ 17"ی ساڵی 1972 بڵاوکراوەتەوە کە سێ خاڵ لەشێوەی سێگۆشە نیشاندەداتو پنتاگۆن پێیوایە ئەگەر هەیە "تەنێکی مادی" بن.
ترەمپ لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند، بەڵێنەکەی بۆ شەفافیەتی تەواو جێبەجێکردوەو ئیدارەکانی پێشوی تۆمەتبارکرد بەوەی زانیارییەکانیان شاردوهتەوە تا خەڵک ساردبکەنەوە.
ئەم جوڵەیەی ترەمپ تەنها بۆ تێرکردنی حەزی خەڵک نییە، بەڵکو بەشێکە لەهەڵمەتێکی فراوانتر بۆ "ڕیسواکردنی دەوڵەتی قووڵ"و بڵاوکردنەوەی ئەو دۆسیانەی پێشتر بەهەستیار دادەنران، ترەمپ لەسەرەتای ساڵی 2025 فەرمانی هەڵگرتنی نهێنیی لەسەر دۆسیەکانی تیرۆرکردنی جۆن کێنیدیو مارتن لۆسەر کینگ دەرکردبوو، هەرچەندە کۆنگرێس لەساڵی 2022وە فشاری بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە دەکرد، بەڵام ئیدارەی ئێستا وەک دەستکەوتێکی خۆی پیشانی دەدات.
لەگەڵ ئەمانەشدا، شارەزایان هۆشداریدەدەن لەوەی ئەم فایلانە مەرج نییە بەڵگەی یەکلاکەرەوەبن بۆ هەبونی ژیان لەدەرەوەی زەویو پێویستە بەوریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
ترەمپ دوای لێدوانێکی پێشوی ئۆباما دەربارەی ڕاستیبونی بونەوەرە نامۆکان، وەزیری بەرگریی ڕاسپارد بۆ پێداچونەوەی ئەم بەڵگەنامانە تا خەڵک خۆیان بڕیاربدەن چی ڕودەدات.
