شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە ئاشكرایكرد، زیاتر لە85 هێرشی ئاسمانییان کردوهتەسەر ئامانجەکانی حزبوڵڵا لەباشوری لوبنان کە کۆگای چەکو سەکۆی هاویشتنی موشەکو دامەزراوەی سەربازیی گرتوهتەوە.
سوپاى ئیسرائیل بەیاننامەیەکى بڵاوكردوهتهوهو نوسیویهتى، "ئەم ئۆپەراسیۆنانە بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشانەیە کە ڕوبەڕوی هاوڵاتیانو سەربازانی ئیسرائیل دەبنەوە".
جەختیکردوهتەوە، لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا چەندین هێرشی ئاسمانییو وشکانییان ئەنجامداوەو لەناوچەی دەشتی بیقاعیش شوێنێکی ژێرزەمینییان بۆ دروستکردنی چەک کردوهتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، چەندین چەکداری حزبوڵڵایان پێکاوە کە خەریکی کردەوەی سەربازیی بون دژی هێزەکانیان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاماژە بەوەشدراوە، حزبوڵڵا چەند موشەکێکی ئاراستەی سەربازانی ئیسرائیل کردوە لەباشوری لوبنان، بەڵام هیچ بریندارێکی لێنەکەوتوهتەوە.