شارپرێس:
جێگریى پارێزگاریى حه‌سه‌كه له‌په‌یامێكى فه‌رمیدا ڕایگەیاند، بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌سوریای نوێ‌دا، پێویسته ده‌ستور هه‌موار بكرێته‌وه، كه بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د له‌ڕابردودا حوكمڕانیی ئه‌و وڵاته‌یان پێكردوه، ده‌شڵێت، "زمانی كوردى جو‌انه‌و زمانی دایكمه، زمانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه كه تیایدا گه‌وره‌بوم‌و گۆشكراوم، هه‌روه‌كو چۆن شانازیی به‌زمانی كوردی ده‌كه‌م، ئاوهاش شانازیی به‌پێكهاته جیاوازه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌وه ده‌كه‌م".
ئەحمەد هیلالی جێگری پارێزگاری حەسەکەو هاوكات وته‌بێژی ده‌سته‌ی چاودێریی جێبه‌جێكردنی هاوپه‌یمانێتیی له‌گه‌ڵ هه‌سه‌دە لەپەیامێکدا جەختی لەگرنگیی فرەچەشنیی کولتوریی‌و زمانیی پارێزگاکە کردەوەو ڕایگەیاند، حەسەکە نمونەیەکی پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانە کە تێیدا زمانەکانی کوردی، عەرەبی، سریانی، ئەرمەنی‌و تورکمانی بەکاردەهێنرێن.
هیلالی لەپه‌یامێكدا نوسیویه‌تى، "جیاوازیی زمانەکان نیشانەیەکی خوداییە، زمانی كوردیش جو‌انه‌و زمانی دایكمه، زمانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه كه تیایدا گه‌وره‌بوم‌و گۆشكراوم، هه‌روه‌كو چۆن شانازیی به‌زمانی كوردی ده‌كه‌م، ئاوهاش شانازیی به‌پێكهاته جیاوازه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌وه ده‌كه‌م".
سەبارەت بەو مشتومڕەی لەسەر دانانی تابلۆی کۆشکی داد (قصر العدل) لەحەسەکە دروستبوە، کە زمانی کوردی لەسەرنییە، جێگری پارێزگار ڕونیکردەوە، "کۆشکی داد دامەزراوەیەکی فەرمییەو پابەندە بەیاسا کارپێکراوەکانی دەوڵەتی سوریا، مەرسومی ژمارە 13ش کە تێیدا زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی ناسێندراوەو ڕێگە دەدات لەقوتابخانە حکومی‌و تایبەتەکاندا وەک وانەی بژاردە یان لەچالاکییە کولتورییەکاندا بوترێتەوە، بەڵام به‌گوێره‌ى دەستوری سوریا، تەنها زمانی عەرەبی زمانی فەرمیی تاقانەیەو دەبێت لەتەواوی دامودەزگا حکومییەکان‌و بەڵگەنامە یاساییەکاندا بەکاربهێنرێت".
له‌و ڕوه‌شه‌وه جه‌ختیكردوه‌ته‌وه، "بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌سوریای نوێ‌دا، پێویسته ده‌ستور هه‌مواربكرێته‌وه، كه بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د له‌ڕابردودا حوكمڕانیی ئه‌و وڵاته‌یان پێكردوه".
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، هیلالی ده‌ڵێت، "پاراستنی زمانی عەرەبی لەدامەزراوەکاندا بەشێکە لەسەروەریی دەوڵەت‌و گۆڕانکاریی لەم دۆخەدا تەنها لەڕێگەی هەموارکردنەوەی دەستورو یاساکانەوە دەبێت لەناو پەرلەمان کە بڕیارە لەئایندەیەکی نزیکدا کۆببێتەوە".
