ڕامى عه‌بدولڕه‌حمان: ئه‌حمه‌د شه‌رع هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ سەدام حسێن نییە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان لەنەخشەی سیاسیی‌و سەربازیی سوریا، چاودێران‌و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداریی توند دەدەن لەسەرهەڵدانی جۆرێکی نوێ لەدیکتاتۆرییەت کە هەڕەشە لەپێکەوەژیانی پێکهاتەکان دەکات، ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەلێدوانێکی نوێدا، وێنەیەکی مەترسیداری قۆناغی داهاتوی وڵاتەکە دەکێشێت.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ڕامى عه‌بدولڕه‌حمان ئاشكرایكردون، پڕۆسەیەکی سیستماتیک بۆ هەژارکردن‌و پەراوێزخستنی پێكهاته‌ى عەلەوی دەستیپێکردوەو بەڵگەکانیش باس لەڕفاندن‌و دەستدرێژی بۆسەر ژنان‌و کچانی ئەو پێکهاتەیە دەکەن.

هۆشداریشده‌دات‌و ده‌ڵێت، "کاتێک فشارەکان توند دەبن، ئەم پێکهاتەیە دەتەقێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری بەرپابونی شەڕێکی ناوخۆیی توندتر لەسەر بنەمای تائیفی، ڕاپۆرتی ڕێكخراوه‌كانى چاودێری مافەکانی مرۆڤ-یش پشتڕاستیدەکەنەوە، پێشتر حاڵەتەکانی ئەشکەنجەدان‌و بێسەروشوێنکردن لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم گروپەدا هەبوە".

سەبارەت بەدۆخی کورد، ڕامی عەبدولڕەحمان پێیوایە، هەموو ئەو بەڵێنانەی ئەبو محەمەد جۆلانی (ئەحمەد شەرع) بەپێکهاتەی کوردی داوە، تەنها "بەڵێنی درۆن"، ئەو دەڵێت، "بیرکردنەوەی ئەو گروپە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بیری بەعس‌و سەدام حسێن نییە لەدژایەتیکردنی کوردداو ئەگەر دەسەڵاتی ڕەهایان هەبێت، دان بەهیچ مافێکی نەتەوەیی‌و سیاسیی کورددا نانێن".

زانیارییه‌كانى بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ جەختدەکاتەوە له‌سه‌رئه‌وه‌ى، "سوریا ئێستا لەبەردەم دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی نوێدایە کە پۆشاکێکی ئیسلامی عەرەبچی‌و ڕەگەزپەرستانەی پۆشیوە، جۆلانی کە ئێستا وەک دیکتاتۆرێکی نوێ دەردەکەوێت، هەوڵدەدات بەپۆشینی بۆینباخ‌و بەکارهێنانی زمانی میانڕەوانە، خۆی بەجیهان بناسێنێت، بەڵام ڕەفتارەکانی سەر زەوی، پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن".

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ پێشبینیده‌كات، "لەقۆناغی داهاتودا پڕۆسەکانی تیرۆرکردنی سیاسی بەردەوامبن، هەرچەندە هیوایەک هەیە سوریا بەیەکگرتوویی بمێنێتەوە، بەڵام مەترسییەکان لەسەر پارچەپارچەبونی وڵاتەکە یان کەوتنە ژێر ڕکێفی گروپێکی توندڕەو کە تەنها باوەڕی بەفیکری خۆی هەیە، لەهەموکات زیاترە".

له‌كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌، "دیمەنی سیاسیی سوریا لەنێوان دیکتاتۆرییەتی ڕابردوو و توندڕەویی ئێستادا گیریخواردوە، هۆشدارییه‌كانیش، زەنگێکی مەترسیدارن بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئەگەر چارەسەرێکی ڕاستەقینە بۆ مافی هەموو پێکهاتەکان نەدۆزرێتەوە، سوریا بەرەو تاریکییەکی قووڵتر هەنگاو دەنێت".

بەپەلە