شارپرێس:
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایانکردوە، ژەنراڵ دەیڤید پترایۆس فەرماندەی پێشوی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتكۆم)و بەڕێوەبەری پێشوی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (سى ئاى ئهى)، بەمزوانە سەردانی بەغدا دەکات.
ڕۆژنامەی شەرقولئەلئەوسەت لەزاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردوەتەوە، پترایۆس ئەگەری هەیە لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا بکات، ئەمەش بۆ دڵنیابونەوە لەوەی کە حکومەتە نوێیەکەى عێراق، پەیوەندییەکانی خۆی بەتەواوی لەگەڵ گروپە چەکدارەکان دەپچڕێنێت.
تائێستا بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە کە ژەنراڵە ئەمریکییەکە لەم سەردانەیدا بۆ بەغدا چ پۆست و سیفەتێکی فەرمی هەڵدەگرێت.
پترایۆس یەکێکە لەدیارترین ئەو سەرکردانەی ناویان بەجەنگی عێراقەوە بەستراوەتەوە لەدوای ساڵی 2003، ئەزمونێکی زۆری لەبوارە مەیدانیو ستراتیژییەکاندا هەیە کە دیارترینیان فەرماندەییکردنی فیرقەی 101ى ئاسمانی بوو لەکاتی پرۆسەی ئازادی عێراقو ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن.
هەروەها ئەزمونەکانى واى لێدەکات لەئێستادا ڕۆڵ بگێڕێت لەدۆسیەی چەکی گروپەکان، چونکە لەساڵی 2004 ئەرکی مەشقو ڕاهێنانی هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکانی عێراقی پێسپێردرا، ئەوەش لەکاتی پەرەسەندنی توندوتیژییە تائیفییەکانداو لەنزیکەوە مامەڵەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان کردوە کە هەندێکیان سەرکردایەتی گروپی چەکدارییان دەکرد.
پترایۆس خاوەنی بیرۆکەی دروستکردنی ئەنجومەنی سەحوەکانه لەناوچە سوننەنشینەکان (بەتایبەت ئەنبار)، ئەو توانیی ئهوكات، سەرۆک هۆزەکان قایلبکات کە لەبری شەڕکردن لەگەڵ ئەمریکییەکان، چەک لەدژی ڕێکخراوی قاعیدە هەڵبگرن، ئەوکات پترایۆس تێگەیشت کە بەبێ هاوکاری خەڵکی ناوچەکە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنی بکات، بۆیە پشتیوانی داراییو سەربازیی بۆ ئەو گروپە ناوخۆییانە دابینکرد کە دواتر بەسەحوە ناسران.
ئەم هەنگاوەی پترایۆس بوە هۆی ئەوەی ئاستی کوشتنو تەقینەوەکان لەعێراق بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت، بۆیە لەئەدەبیاتی سیاسییو سەربازیدا وەک ئەندازیاری ئەو پلانە سەرکەوتوە دەناسرێت، چونکە ئێستا کە باس لەگەڕانەوەی دەکرێت بۆ پرسی سەربەخۆیی حکومەت لەگروپە چەکدارەکان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو جارێکی دیكهش دەیەوێت بەهەمان ئەزمونو نەخشەی کۆن، مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی چەکو گروپە نافەرمییەکان بکاتو هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت.
