شارپرێس:
ستراتیژە نوێیەکەی کۆشکی سپی کە لەلایەن دۆناڵد
ترەمپەوە واژۆکراوە، نەک هەر هەڕەشەی پەکخستنی یەکجاریی ئیخوان موسلمین دەکات، بەڵکو
پەردە لەسەر هاوپەیمانییەکی مەترسیداری نێوان یەمەنو سۆماڵیش لادەبات، هەموو ئەمانە
لەکاتێکدا کە چاوی ئەمریکا لەسەر داعشو قاعیدەیە، بەڵام بەتێڕوانینێکی جیاواز لەڕابردوو.
ئهگهرچى كهمتر لهسێ مانگ ماوه بۆ 25مین ساڵیادی
هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001، ستراتیژی نوێی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بەردەوامە
لەجەختکردنەوە لەسەر ئەو هەڕەشەیەی کە گروپە جیهادییە ئیسلامییەکان دروستیدەکەن.
ئەو ستراتیژە کە دۆناڵد ترەمپ لەشەشی ئایاردا
واژۆیکردوە، ئاماژە بەو گروپە جیهادییانە دەکات کە نیەتو توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی
دەرەکییان دژی ویلایەتەیەکگرتوەکان هەیە وەک هەڕەشەیەکی سەرەکی کە لەدوای کارتێلەکانی
مادە هۆشبەرەکان لەپلەی دوەمدا دێت.
ستراتیژەکە (ڕێکخراوی قاعیدە بەتایبەتی لقی نیمچە
دورگەی عەرەبی، ڕێکخراوی داعش بەتایبەتی لقی خۆراسان) دەخاتە پێشەنگی ئەو گروپانەی
کە بونەتە هۆی نیگەرانی واشنتۆن.
لەپاڵ ئەم گروپانەدا، ستراتیژەکە بزوتنەوەی شەباب
کە هاوپەیمانی قاعیدەیە لەسۆماڵ، وەک هەڕەشەیەکی ناوچەیی سەرەکی لەڕۆژهەڵاتی ئەفریقا
ناودەبات، ستراتیژەکە دەڵێت، "واشنتۆن چاودێری پەرەسەندنی هاوپەیمانیی نێوان
بزوتنەوەی شەبابی سوننە مەزهەبو حوسییەکان لەیەمەن دەکات کە گروپێکی شیعەی لایەنگری
ئێرانن".
ستراتیژەکە بەردەوامبونی فشار لەسەر گروپە جیهادییەکان
دەخاتە پێشەنگی کارە لەپێشینەکانی واشنتۆن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تائەوکاتەی لەناودەچنو
چیتر مەترسی بۆسەر ویلایەتەیەکگرتوەکان دروستناکەن.
لەئەفریقاش، واشنتۆن بەردەوامدەبێت لەهاوبەشیکردن
لەگەڵ ئەو حکومەتانەی کە لەلایەن قاعیدەو داعشو گروپە پاشكۆكانیانهوه هەڕەشەیان
لێدەکرێت.
ههر لهستراتیژهكهى ئهمریكادا دهڵێت،
"هاوکارییان دەکات بەزانیاریی هەواڵگری کردەییو بەپەرەپێدانی هێزە هاوبەشەکان
لەبەرەنگاربونەوەی تیرۆردا، تائەوکاتەی دوژمنە هاوبەشەکانمان چیتر مەترسییەکی جددی
بۆ سەر ئەوان یان ئێمە دروستناکەن".
کۆلین کلارک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندی سۆفان
کە ناوەندێکی توێژینەوەیەو بنکەکەی لەنیویۆرکە ڕایگەیاند، جەختکردنەوەی ستراتیژەکە
لەسەر گروپە جیهادییەکان یەکێکە لەخاڵە دروستە کەمەکانی ناو ستراتیژەکە.
ئەو بەMBNی ڕاگەیاندوه، "گروپە جیهادییەکان هێشتا کێشەیەکی سەرەکین بۆ ویلایەتەیەکگرتوەکان،
ستراتیژەکە نەچوەتە ناو قووڵایی یان ئەو وردەکارییانەی کە دەمویست بیبینم، بەتایبەت
سەبارەت بەگروپەکانی وەک داعش-خۆراسان یان ڕێکخراوی قاعیدە لەنیمچە دورگەی عەرەبی".
هەروەها ستراتیژەکە بەڵێندەدات، هەوڵبدات بۆ ڕێگریکردن
لەم گروپانە لەدەستکەوتنی چەکی کۆمەڵکوژو ڕاپۆرتەکانیش ئاماژەیان بەوەکردوە، قاعیدە
پێش هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر، تاووتوێی ئەگەری دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی کردوە، هەروەها
داعش پێشتر بیری لەدەستکەوتنی چەکی کیمیایی کردبوەوە کاتێک 10 ساڵ لەمەوبەر کۆنترۆڵی
ناوچەیەکی بەرفراوانی سوریاو عێراقی کردبوو.
لەپێشهاتێکدا کە ڕەنگە مشتومڕێکی بەرفراوان لەجیهانی
ئیسلامیدا دروستبکات، ستراتیژەکە بەرگریی لەناساندنی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین کردوە
وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی، ئەم هەنگاوە ئامانج لێی پەکخستنی توانای کۆمەڵەکە
بوە بۆ ناونوسکردنو دابینکردنی دارایی تیرۆر دژی ویلایەتەیەکگرتوەکان.
دوای دەستبەکاربونی لەساڵی ڕابردودا، دۆناڵد ترەمپ
فەرمانێکی جێبەجێکردنی دەرکردو تێیدا لقە (میسری، ئوردنیو لوبنانییەکان)ی ئیخوان
موسلمینی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی ڕاگەیاندوه.
ستراتیژەکە بەڵێنیداوە، بەردەوامبێت لەناساندنی
لقەکانی ئیخوان لەسەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو دەرەوەی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی
بیانی، لەپێناو تێکشکاندنی ڕێکخراوەکە لەهەر شوێنێک کە کاری تێدادەکات.
ستراتیژەکە ئاماژە بەو هەڕەشانە ناکات کە گروپە
چەکدارە زۆرەکانی ناو ئەفغانستانو پاکستان دروستیدەکەن، کە ئەو گروپانە ئامانجی سەرەکی
جەنگی جیهانی دژی تیرۆر بون کە ئهمریكا لەدوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەرەوە ڕابەرایەتی
دەکات.
لەنوێترین بڵاوكراوهكانى پێوەری تیرۆری جیهانی
کە لەلایەن پەیمانگهی ئابورییو ئاشتییەوە دەرچوە کە ناوەندێکی توێژینەوەیەو بنکەکەی
لەسیدنی ئوسترالیایە، گیانلەدەستدان بەهۆی تیرۆرەوە لەسەر ئاستی جیهان لەساڵی ڕابردودا
بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە، بەڵام پاکستان شایەتی بەرزبونەوەیەکی توندی هێرشە تیرۆریستییەکان
بوە، وەک ئەو وڵاتە دەرکەوتوە کە زۆرترین زیانی بەرکەوتوە بەهۆی ئەو توندوتیژییەی
کە گروپە چەکدارە ئیسلامییەکانو جوداخوازەکان پەرەی پێدەدەن.
