شارپرێس:
ئەندامێكی نوسینگەی یاسایی سەدە و پارێزگاری عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت ' بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت ڕاستەوخۆ پەرە بە گوتاری سیاسیی خۆی بدات و بیگەینێت بە گەل'.
مەزڵووم دینچ بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات رایگەیاند "بۆئەوەی بەڕێز ئۆجالان بتوانێت بە تەواوەتی ئەركی خۆی جێبەجێ بكات، پێویستە بتوانێت ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە بۆچوونەكانی بە كۆمەڵگە بگەیەنێت و گوتاری سیاسیی خۆی بگەیەنێت كە بێگومان دەبێت ئەمە بڕەخسێندرێت.
دەشڵێت "لە لایەنی بابەتی چارەسەریی پرسی كورددا چەندین كارەكتەر هەیە. بۆ نموونە بابەتی چەك لایەنێكی ئەم پرۆسەیەیە، دەبێت بەرێز ئۆجالان بتوانێت لەگەڵ ڕێكخراوەكەیدا تەڤگەری ئاپۆیی پەیوەندی دانێت و قەناعەتیان پێ بكات. بە كورتی بۆ هەموو ئەم پێویستییانەی پرۆسەكە، بێگومان دەبێت ئازاد ببێت، نەك وەك ئەوەی هەیە لە ئیمراڵییدا تەنها دیدار بكات.
هەروەها پارێزەرەكەی ئۆجالان رونیكردەوە، ئەم پرۆسەیە زۆر گرنگە، ڕۆژانە ڕووداوی زۆر جددی ڕوودەدات. زۆر هێز هەن، نەك تەنها لە ناوەوە بەڵكو لە دەرەوەش، كە دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە تێكبدەن. هەندێكجار، تەنانەت هەندێكیش لە بەرەی توركیادا باسی ئەمە دەكەن. بۆ ڕێگریكردن لەم كارە، دەبێت پرۆسەكە بە خێرایی ئەنجام بدرێت و دانوستانكاری سەرەكی بەڕێز ئۆجالان، دەبێت ئازاد بكرێت.
