شارپرێس:
باڵیۆزی توركیا لە عێراق ئانڵ بۆرا ئینان دەڵێت، كەركوك، شارێكی نموونەیی پێكەوەژیان و شەراكەتە و وڵاتەكەی بایەخێكی زۆر دەدات بە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق.
بەگوێرەی میدیای توركیا، باڵیۆزی توركیا لە عێراق، ئانڵ بۆرا ئینان سەردانی كەركوكی كرد و لەگەڵ پارێزگاری نوێی كەركووك، محەمەد سەمعان ئاغا كۆبووەوە.
هاوكات لە راگەیەندراوێكی نووسینگەی پارێزگاری كەركوكدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا ئانڵ بۆرا ئینان پیرۆزبایی لە محەمەد سەمعان ئاغا كردووە بە بۆنەی دەستبەكاربوونی لە پۆستی پارێزگاری كەركوكو پەرۆشی توركیای بۆ سەقامگیریی و سەلامەتیی و سەروەری خاكی عێراق دووپات كردووەتەوە.
هەروەها لە میانی كۆبوونەوەكەدا، باس لە ئاسۆكانی هاریكارییەكان كراوە سەبارەت بە گرنگی لێكۆڵینەوە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریی و گەشتیارییەكان و پەرەپێدان بە شوێنەوارە مێژووییەكانی كەركوك.
باڵیۆزی توركیا دەڵێت"هەمیشە جەخت دەكەینەوە كە كەركوك، شارێكی نموونەیی پێكەوەژیان و شەراكەتە و كۆماری توركیا بایەخێكی زۆر دەدات بە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق".