شارپرێس:
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمڕۆ یەکشەممە ئاشکرایکرد، ناڕەزایەتیی تاران بەرامبەر بەڕاسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، هۆکاری سەردانە کتوپڕەکەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسى سوپاى پاسداران بوە بۆ بەغدا.
ئەو سەرچاوەیە باسى لەوەشکردوە، قائانی لەماوەی چەند کاتژمێری ڕابردودا گەیشتوەتە بەغدای پایتەختو زنجیرەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیو گروپە چەکدارەکان ئەنجامداوە.
دەشڵێت، "ئەم سەردانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنی متمانەدان بەکابینەکەی زەیدی لەدوو ڕۆژی داهاتودا".
بەگوێرەی سەرچاوەکە، تاران گومانی لەو پاڵپشتییە گەورەیەی ئەمریکا هەیە کە بۆ زەیدی دەردەکەوێت، چونکە ئەمە وەک هەڕەشەیەک بۆسەر کەمکردنەوەی هەژمونی ئێران لەعێراق دەبینرێت.
تائێستا ئەنجامی کۆبونەوەکان ڕونو ئاشكرانینو هەڵوێستی کۆتایی ئێرانیش سەبارەت بەسەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، بەنادیاری ماوەتەوە.