شارپرێس:
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی سوپای ئەمریکا کردو جەختیکردەوە، "موشەکو درۆنەکانمان ڕویان لەدوژمنە".
مەجید موسەوی فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، "موشەکو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانمان ئاراستەی دوژمن کراونو ئێمە تەنها چاوەڕێی فەرمانی تەقاندنین".
هاوکات فەرماندەیی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران ڕاشیگەیاند، "هۆشداریدەدەین، هەر هێرشێک بۆسەر تانکەرە نەوتەکانو کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران، بەهێرشێکی توند بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لەناوچەکەو کەشتییەکانی دوژمن وەڵامدەدرێتەوە".
ئەم لێدوانانە هاوکاتبون لەگەڵ وتەیەکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەڕۆژنامەی "کۆریێری دێلا سێرا"ی ئیتاڵی ڕاگەیاندوە، نایەوێت هیچ لێدوانێک لەسەر پەیامی وەڵامی ئەمدواییەی ئێران بدات.
بەبڕوای چاودێران، ئەم وەڵامەی ترەمپ ئاماژەیە بۆ ناڕەزایەتی ئەو بەرامبەر بەدواکەوتنی وەڵامی ئێران یان ناوەڕۆکی وەڵامەکە، ئەمەش نیشانەی بەردەوامی تەمومژاوییە لەپڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆنو تارانو دەرگای دەستپێکردنەوەی شەڕ دەکاتەوە.
هەروەها بهگوێرهى کەناڵی فۆکس نیوز، هەڵسەنگاندنو شیکارییە ئەمریکییەکان لەواشنتۆن ئاشکرایانکردوە کە ئەمریکا خۆی بۆ سیناریۆی پەرەسەندنی سەربازی بەرفراوان دژ بەئێران ئامادەدەکات، ئەگەربێتو دانوستانە ئەتۆمییەکان شکستیانهێنا.
