شارپرێس:
لەئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی هەستیاردا، سوپای لوبنان کۆتایی بەساڵانێک لەتەڵەکەبازیی هاوڵاتییەکی عێراقی هێنا کە بەپلەی عەقیدو ناسنامەی ساختەی بەرپرسی ئەمنی باڵیۆزخانە، دزەیکردبوە ناو قووڵایی دامەزراوە ئەمنییەکانی بەیروت.
دەزگای هەواڵگری سوپای لوبنان هاوڵاتییەکی عێراقی بەناوی (تارق ئەلحوسێنی) دەستگیرکرد کە بۆ ماوەی چەندین ساڵه خۆی وەک بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لەباڵیۆزخانەی عێراق لەبەیروت ناساندبوو.
بهگوێرهى سەرچاوە هەواڵگرییەکانی لوبنان، ئەو کەسە پلەی عەقیدی بەکارهێناوەو هەمیشە بەجلوبهرگى سەربازییو نیشانەی فەرمییەوە لەکۆڕو کۆبونەوەکاندا دەرکەوتوە، ئەوەی بوەتە جێگهی سەرسوڕمانی میدیاکان، بڵاوبونەوەی وێنەیەکی تۆمەتبارەکەیە لەگەڵ (لیوا ئیدگار لاوەندوس) بەڕێوەبەری هەواڵگریی سوپای لوبنان کە نیشانیدەدات، توانیویەتی بگاتە بەرزترین ئاستی ئەمنی لەو وڵاتەدا.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، حوسێنی بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەبەیروت تەراتێنی کردوەو تۆڕێکی فراوانی پەیوەندیی لەگەڵ ئەفسەرو بەرپرسانی لوبنانی دروستکردوە، ئێستاش لەیەکێک لەسەنتەرە ئەمنییەکانی سەر بەوەزارەتی بەرگریی لوبنان لێکۆڵینەوەی وردی لەگەڵ دەکرێت بۆ زانینی مەبەستی ڕاستەقینەی لەمکارەو ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی هاوکارییانکردوە.
سهربارى بڵاوبونهوهى فراوانى ئهو ههواڵه لهمیدیاى لوبنانو عێراق، بهڵام تائێستا باڵیۆزخانەی عێراق لەبەیروت هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەو ڕوداوەو ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەوکەسە نەداوە.