شارپرێس:
دواى بڵاوبونهوهى ههواڵى بونى بنكهیهكى ئیسرائیلى لهبیابانهكانى عێراقو بڵاوبونەوەی وێنەی بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لەقووڵایی بیابانی پارێزگای نەجەف، شەپۆلێکی بەرفراوانی مشتومڕی لەناوەندە سیاسییو میدیاییەکاندا دروستکردوە، چالاکوانانو میدیا بیانییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم شوێنە بنکەیەکی نهێنیو کاتیی ئیسرائیل بوە لەناو خاکی عێراقدا، پهرلهمانى عێراق هاتهدهنگو داواى لێكۆڵینهوه دهكات.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی لەڕێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە (OSINT) دزەیانکردوە، بنکەکە لەناوچەی (وادی حومەیر نزیکەی 180 کیلۆمهتر لەڕۆژئاوای شاری نەجەف) هەڵکەوتوە، وێنەکان ڕێڕەوێکی نیشتنەوەی فڕۆکە بەدرێژیی 1.5 کیلۆمەتر نیشاندەدەن کە لەقەدی دەریاچەیەکی وشکبوەوە دروستکراوە، لەگەڵ چەندین خەندەقو بارەگای پارێزراو.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ باس لەوەدەکەن، ئەم بنکەیە بەئاگاداریی ئەمریکا دروستکراوە بۆ پشتگیریکردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلو وەک بنکەیەکی فریاگوزارییو لۆجستی بۆ هێزە تایبەتەکان بەکارهێنراوە.
هەرچەندە تائێستا حکومەتی عێراق هیچ ڕونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر ڕاستیو دروستی ئەم هەواڵانە نەداوە، بەڵام پەرلەمانی عێراق داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەیکردوەو داوای لەوەزیرانی بەرگرییو ناوخۆ کردوە بۆ لێپێچینەوە ئامادەبن، چونکە ئەمە بەپێشێلکارییەکی گەورەی سەروەریی خاکی عێراق دادەنرێت.
زانیارییە نوێیەکان ئاماژە بەوەدەکەن، لەئێستادا بنکەکە چۆڵکراوەو بەشێک لەنیشانەکانی سڕدراونەتەوە، بەڵام وێنە بڵاوکراوەکان بونەتە بەڵگەیەکی بەهێز لەدەستی نەیارانی بونی سەربازیی بیانی لەناوچەکەدا.
