چین ناوی مارکۆ ڕۆبیۆ دەگۆڕێت بۆ ئەوەی ڕێگەی پێبدات لەگەڵ ترەمپ سەردانی پەکین بکات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1725 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی دیپلۆماسیدا، حکومەتی چین شێوازی نوسینی ناوی مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکای گۆڕیی، ئەمەش بەمەبەستی ڕێگەپێدانی بۆ چونە ناو خاکی چین‌و دەربازبون لەو سزایانەی پێشتر بەسەریدا سەپێندرابون.


بڕیارە ئه‌مڕۆ چوارشەممە، مارکۆ ڕۆبیۆ لەیەکەم گەشتی فەرمی خۆیدا بۆ پەکین، یاوەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بکات، ئەم سەردانەش یەکەم گەشتی سەرۆکێکی ئەمریکایە بۆ چین لەدوای نزیکەی 10 ساڵ.

فێڵی پیتی چینی بۆ دەربازبون لەسزا کۆنەکان
ڕۆبیۆ لەکاتی کارکردنی وەک ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، بەهۆی داکۆکیکردنی توند لەمافەکانی مرۆڤ‌و ڕەخنەگرتن لەسەرکوتکارییەکانی پەکین لەهۆنگ کۆنگ‌و پرسی کاری زۆرەملێی کەمینەی ئۆیغور، دوجار لەلایەن چینەوە خرابوە لیستی سزاکانەوەو چونە ناوەوەی بۆ ئەو وڵاتە قەدەغەکرابوو.

دوای ئەوەی ترەمپ ناوبراوی وەک وەزیری دەرەوەو ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دەستنیشانکرد، پەکین کەوتە بەردەم ناچاریی دۆزینەوەی دەرچەیەکی دیپلۆماسی، بۆ ئەم مەبەستەش، میدیا فەرمییەکان‌و دامەزراوەکانی چین شێوازی نوسینی پیتی یەکەمی ناوی بنەماڵەی ڕۆبیۆ-یان بەپیتێکی دیكه‌ى چینی گۆڕیی.

به‌گوێره‌ى وتەی دیپلۆماتکاران، ئەم گۆڕانکارییە وەک فێڵێکی یاسایی بەکارهاتوە بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنن کە قەدەغەی چونە ناوەوە تەنها فۆڕم‌و ناوە کۆنەکەی دەگرتەوە، نەک ئەم ناوە نوێیە.

هەڵوێستی فەرمی چین
لیو بینگیو وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، سزاکانی پێشوو تەنها پەیوەستبون بەگوتارو ڕەفتارەکانی پێشوی ڕۆبیۆوە کاتێک ئەندامی ئەنجومەنی پیران بوە، لایەنە فەرمییەکانی چینیش دوپاتیانکردەوە، ڕێگریی لەڕۆبیۆی تەمەن 54 ساڵ ناکەن بۆ دابەزین لەفڕۆکە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا لەپەکین.