ژێردەریاییە ئەتۆمیه‌كه‌ى ئه‌مریكا گه‌یشته‌ جەبەل تاریق

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1118 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی دەگمەن‌و نیشاندانی هێزدا، هێزی دەریایی ئەمریکا ژێردەریایی ئەتۆمی (یو ئێس ئێس ئەلاسکا) لەجۆری (ئۆهایۆ) لەگەروی جەبەل تاریق جێگیرکرد، ئەمکارە لەکاتێکدایە کە وتووێژە سیاسییەکانی نێوان واشنتۆن‌و تاران به‌هیچ ئه‌نجامێك نه‌گه‌یشتون.


بەگوێرەی ڕاپۆرتە سەربازییەکان، ئەم ژێردەریاییە کە هەڵگری موشەکی بالیستییە، لەناوچەی (ساوس مۆڵ) لەجەبەل تاریق لەنگەریگرتوە، جێگیرکردنی ئەم چەکە ستراتیژییە بەپاراستنی توندی هێزەکانی مارێنزی بەریتانی‌و ڕێوشوێنی ئەمنی توند دەورەدراوە کە بازنەیەکی قەدەغەکراو بەتیرەی 200 مەتر لەدەوری دروستکراوە، شارەزایانیش پێیانوایە، ئەمە گۆڕانکارییە لەگوشاری دیپلۆماسییەوە بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئەتۆمی لەناوچە هەستیارەکانی دەریای ناوەڕاست‌و ئەتڵەسی.

ژێردەریایی (یو ئێس ئێس ئەلاسکا) یەکێکە لەکۆڵەکە سەرەکییەکانی سێ لایەنی ئەتۆمی ئەمریکا (ئاسمان، زەوی‌و دەریا)، گرنگترین تایبەتمەندییەکانیشى بریتین لەوه‌ى، هەڵگری 20 موشەکی بالیستی جۆری (ترایدێنت 2 دی 5)و تۆرپیدی قورسی (MK-48)ە، بەکارتێکەری (ڕیاکتۆر) ئەتۆمی جۆری (S8G) کاردەکات‌و هێزی 60 هەزار ئەسپی هەیە کە دەتوانێت بەخێرایی زیاتر لە 20 گرێی دەریایی لەژێر ئاودا بڕوات، لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2009 پرۆسەی نوێکردنەوەی گشتگیری بۆ کراوە، لەوانە گۆڕینی سوتەمەنی ئەتۆمی‌و پەرەپێدانی سیستمەکانی جەنگ‌و ڕێدۆزی.

جەبەل تاریق تەنها دەروازەی دەریاییە لەنێوان زەریای ئەتڵەسی‌و دەریای ناوەڕاست کە ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار کەشتی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەم پێگەیە ڕێگە بەژێردەریاییە ئەمریکییەکان دەدات بەخێرایی لەکەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکاوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باکوری ئەفریقا بجوڵێن.

ئەم دەرکەوتنە ئاشکرایەی ئەلاسکا لەکاتێکدایە، زۆربەی ژێردەریاییە ئەتۆمییەکان بەنهێنییەکی ڕەها کاردەکەن، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ڕاشکاو بۆ تاران دادەنرێت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ پێشنیازەکانی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ‌و چارەسەری دۆسیە ئەتۆمییەکە ڕەتکردەوە.

بەپەلە