ئەو زانکۆ ڕوسییەى کە سیخوڕ دروست دەکات

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 195 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەناوبانگترین زانکۆی ئەندازیاری ڕوسیا بە نهێنی سیخوڕ و هاککەر بۆ دەزگاى هەواڵگرى سەربازى ڕوسیا  GRU دروست دەکات و ڕۆژئاواش تەنها لەم دواییانەدا ئەم نهێنییەى زانیوە. لە ناو زانکۆی تەکنیکی دەوڵەتی (باومان) لە مۆسکۆ، ئەو زانکۆیەى کە لە ساڵی ١٨٣٠ دامەزراوە، زیاتر لە ٣٠ هەزار خوێندکار دەخوێنن بە بێ ئەوەى ناویان تۆمارکراو بێت.

 
لە بەشی ژمارە 4ى  زانکۆکە،  پڕۆگرامێکى نهێنی هەیە کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی دەرچووانى زانکۆکە ڕەوانەى بەناوبانگترین یەکەکانی هەواڵگری سەربازی ڕووسیا دەکات. ئەمە تەنها قسە و باس نییە، بەڵکو بە بەڵگە هەیە و زیاتر لە دوو هەزار فایلى ئەو زانکۆیە لەلایەن چەند میدیایەکی نێودەوڵەتییەوە بڵاوکراونەتەوە لەوانە لۆمۆند، دێر شپیگل، گاردیەن و زە ئینسایدەر.

بابەتەکانى خوێندنى زانکۆکە ئەوەندەى نزیکە لە پەیڕەوى دەزگاى هەواڵگرى سەربازى، ئەوەندە نزیکایەتى نییە لەگەڵ خوێندن و پڕۆگرامی ئەندازیاریدا.

خوێندکارەکان لەو زانکۆیەدا فێردەبن چۆن وشەی نهێنی بشکێنن و ڤایرۆس دروست بکەن و لاوازییەکان لە تۆڕەکانی بەرگری وڵاتانى دیکەدا بدۆزنەوە .

ئەوان تاقیکردنەوەی دزەکردنى ڕاستەوخۆ پراکتیزە دەکەن و لە ژێرخانی ناوخۆیی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەکۆڵنەوە. شانبەشانی ڕاهێنانە تەکنیکییەکان بە هەمان شێوە خولی دەروونناسی، بنیاتنانی پڕوپاگەندە و شەڕی زانیاری دەخوێنن.

پرۆگرامەکان لەلایەن لیوا کیریل ستوپاکۆڤ، ئەفسەرێکی چالاک لە دەزگاى هەواڵگرى سەربازى ڕوسیا داڕێژراوە و هەر خۆشی وانە دەڵێتەوە، لە نێو وانەبێژەکانیشدا کەسانى دیکە هەن وەک ڤیکتۆر نێتیشکۆ، ئەو ژەنەڕاڵەی کە فەرماندەیی پڕۆسەى (فەنسی بێر)ى کرد لە کاتی ئۆپەراسیۆنی دەستێوەردان لەهەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2016 و لە ساڵی 2018دا بە شێوەیەکی فیدراڵی تۆمەتبار کراوە، هەروەها یەکێک لە وانە بێژەکانى دیکە یوری شیکۆلێنکۆ-یە کە لە ساڵی 2025 لەلایەن بەریتانیا سزای بەسەردا سەپێنراوە لەبەر ڕؤڵى لە ڕێکخستنی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان لە سەرانسەری ئەوروپا.

ساڵانە ١٠ بۆ ١٥ خوێندکارى ئەو زانکۆیە پاش دەرچوون، پەیوەندى دەکەن بە دەزگاى هەواڵگرى سەربازى ڕوسیاوە، بەشێکى تریش لە دەرچووان دەنێردرێت بۆ ڕێکخراوى (ساندۆرم) ئەو گروپەى لە پشت هێرشەکانی سەر تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا و هێرشی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ سەر ژێرخانی پۆڵەنداوە بوون.