شەوانە لەشارەکانی ڕۆژهەڵات چی دەگوزەرێت؟ شارپرێس زانیاریى گرنگ ئاشکراده‌كات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2712 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ تایبه‌ت:

لەهەڵمەتێکی ئەمنیی چڕدا، حکومەتی ئێران لەزۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەنای بۆ نمایشی زۆرەملێ بردوەو شەوانە بەداخستنی شەقامە سەرەکییەکان‌و پەکخستنی ژیانی کاسبکاران، هەوڵدەدات وێنەیەکی ساختەی پشتیوانیی خۆڕسکانەی خەڵک بۆ سیاسەتەکانی نیشانبدات، چالاکوانان‌و سەرچاوە ناوخۆییەکان بۆ شارپرێس ئاشکرایدەکەن، دەسەڵات بەبەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی مەدەنی بۆ گرتنى ڕێگه‌ سه‌ره‌كیه‌كان، دەیەوێت پەیامێکی چەواشەکارانە بۆ ڕای گشتیی نێودەوڵەتی بنێرێت، لەکاتێکدا لەپشت پەردەوە ژیانی ئاسایی هاوڵاتیانی هەراسانکردوەو ناوچەکەی دوچاری قەیرانێکی خنکێنەری هاتوچۆ کردوەتەوە.


سەقز.. شارێک لەژێر باری نمایشی شەوانەدا
چالاکوانێکی سیاسیی لەشاری سەقز بەشارپرێس-ی ڕاگەیاند، حکومەت هەموو شەوێک لەکاتژمێر 9 تا 11ی شەو، ڕێگه‌کانی (گاراج، مەیدانی قودس‌و سێڕای جامیعە) بەزۆر دادەخات، ئەم بڕیارەش نەک هەر هاتوچۆی هاوڵاتیانی پەکخستوە، بەڵکو کاسبکارانی ئەو ناوچانەشی دوچاری زیانی دارایی گەورە کردوەتەوە لەوکاتەى شەودا.

ئۆتۆمبێلی شەخسی بۆ خۆپیشاندانی خۆڕسک..
سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ شارپرێس ئاشکرایدەکەن، شێوازی داخستنی ڕێگه‌کان گۆڕانکاریی بەسەرداهاتوە، پێشتر ئۆتۆمبێله‌ سه‌ربازیى‌و ئه‌منیه‌كان‌و ئێستا حکومەت ئۆتۆمبێلی مەدەنی‌و شەخسی بەکاردەهێنێت بۆ گرتنى شەقامەکان، ئامانج لەمەش ئەوەیە، لەمیدیاکاندا وا نیشانبدرێت کە خەڵک خۆیان بەخۆڕسکانە ڕێگەکانیان گرتوەو بۆ پشتیوانی لەحکومەت ڕژاونەتەسەر شەقام، لەکاتێکدا ئەوە تەنها پلانێکی ئەمنییە بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیی.

سیناریۆیەک بۆ هەموو ڕۆژهەڵات
ئەم دۆخە تەنها سەقزی نەگرتوەتەوە؛ چالاکوانان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم سیناریۆیە لەزۆربەی شارەکانی دیكه‌ى ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دوبارەدەبێتەوە، حکومەت دەیەوێت بەم نمایشانە وا نیشانی بدات کە بارودۆخەکە ئاساییەو خەڵکی کوردستان پشتیوانی لەسیاسەتەکانی دەسەڵات دەکەن، بەڵام لەپشت پەردەوە ژیانی ئاسایی خەڵکی هەراسانکردوەو شەقامەکانی کردوەتە سه‌ربازگه‌.

چالاکوانان هۆشداریدەدەن کە ئەم شانۆگەرییە شەوانانە، تەنها بۆ شاردنەوەی ناڕەزایەتییە ڕاستەقینەکانەو حکومەت دەیەوێت بەزۆرەملێ وێنەیەکی ئارام‌و پشتیوان بۆ ته‌واوى شاره‌كان له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان‌و ناوچەکە جیاوازه‌كانى دیكه‌ى ئێران دروستبکات.