شارپرێس:
سەردانی ژەنەراڵی خانەنشینی ئەمریکی، دەیڤید پەترایۆس بۆ بەغداو کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، شەپۆلێکی بەربڵاوی لەپرسیاری سیاسییو ئەمنیی سەبارەت بەسروشتی ئەو ڕۆڵەی کە لەقۆناغی داهاتودا دەیگێڕێت، هێناوەتە ئاراوە.
ئەم سەردانە لەکاتێکدایە کە گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سنوردارکردنی چەکی میلیشیاکان ڕوی لەزیادبونکردوەو هەوڵەکانیش بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی دۆخی ئەمنیی عێراق دوای پێکهێنانی حکومەتی عەلی زەیدی بەردەوامن.
پترایۆس دەستبەجێ دوای گەیشتنی بەغدا، لەگەڵ فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییو هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پهرلهمان کۆبوەوە.
پترایۆس وەک یەکێک لەدیارترین کەسایەتییە ئەمریکییەکانی پەیوەست بەدۆسیەی عێراق لەدوای داگیرکاریی ساڵی 2003 دەناسرێت کە پێشتر فەرماندەیی فیرقەی 101ی ئاسمانییو فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکای لەعێراق لەساڵی 2007 گرتە ئەستۆ، دواتریش بوو بەفەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکاو بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی CIA لەنێوان ساڵانی 2011و 2012.
کاتی سەردانەکەی لەبەرئەوە گرنگە کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەتی زەیدی کە پرسی قەتیسکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا لەپێشینەی کارەکانیەتی.
چاودێران پێیانوایە، گەڕانەوەی پەترایۆس نیشانەی بایەخدانی زیاتری واشنتۆنە بەدۆسیەی عێراق لەڕێگەی ئامرازی سیاسییو ئەمنی نوێوە، دور لەدەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ.
ناوی پەترایۆس بەپڕۆژەی سەرکەوتوی "سەحوەکان" لەساڵی 2007 بەستراوەتەوە کە تێیدا توانیی هاوپەیمانیی لەگەڵ هۆزە ناوخۆییەکان دژی ڕێکخراوی قاعیدە پێکبهێنێت.
عائید هیلالی ڕاوێژکاری پێشوی سەرۆک وەزیرانی پێشوو محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاندوە، ئەمە چوارەم سەردانی پەترایۆسە لەمدواییانەدا، ئەمەش دەریدەخات کە ناوبراو ڕاستەوخۆ خەریکی دۆسیەکەیە.
هیلالی ئاماژەی بەوەشکردوە، پترایۆس دەتوانێت یارمەتیی حکومەتی زەیدی بدات لەکۆتاییهێنان بەچەکی گروپە چەکدارەکان لەڕێگەی پڕۆژەی نوێی وەک تێکەڵکردنی هەندێک گروپ لەناو حەشدی شەعبیو گۆڕینی حەشد بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکی سەر بەوەزارەتێکی ئەمنیی فیدراڵی نوێ.
لەلایەکی دیکەوە، پەترایۆس هەمیشە هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران هەبوەو لەساڵی 2015 ڕایگەیاندبوو، ئەو میلیشیایانە لەچەکدارانی داعش مەترسیدارترن بۆسەر یەکپارچەیی عێراق.
عەبدولڵا ڕکابی توێژەری سیاسی پێیوایە، دەرکەوتنەوەی پترایۆس دوای شەڕی ئیسرائیلو ئێران نیشانەی گۆڕانی هاوسەنگییەکانەو ڕەنگە واشنتۆن بیەوێت مۆدێلێکی هاوشێوەی سەحوەکان بەشێوازێکی نوێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا چەکدارەکانو تێکەڵکردنەوەیان لەناو دامەزراوە فەرمییەکاندا بەکاربهێنێت.
لەئێستاشدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە پترایۆس وەک ڕاوێژکار یان نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی مارک ساڤایا دەستبەکاربێت.
