شارپرێس:
لەنۆی ئایاری ساڵی 1945دا، کاتێک دوکەڵی جەنگ ئاسمانی بەرلینی داپۆشیبوو و
جیهان هەناسەی بڕابوو بۆ بیستنی هەواڵی کۆتایی هیتلەر، ئەفسەرێکی کورد بەهەڵکردنی
ئاڵای سەرکەوتن، بوە مژدەبەخشی کۆتایی تاریکترین سەردەمی مرۆڤایەتی، ئەو قارەمانە
(سەمەند سیابەندۆڤ) بوو؛ ناوی پیاوێک کە بوە بزماری کۆتایی لەتابوتی نازییەت.
لەچیاکانی قارسەوە بۆ لوتکەی دەسەڵاتی سۆڤیەت
سیابەندۆڤ کوڕە کوردێکی ئێزدی لهساڵى 1909 لهشاری قارسى باكورى كوردستانه
لهدایكبوه، تەنها چەک بەدەستێکی نێو سوپای سور نەبوو، ئەو تێکەڵەیەک بوو لەهەڵۆیەکی
جەنگاوەرو نوسەرێکی قەڵەمبەدەست.
لەکاتێکدا لەمەیدانی جەنگدا وەک پاڵەوانی یەکێتی سۆڤیەت دەدرەوشایەوە، لەپشت
بەرەکانیشەوە خەریکی پاراستنی زمانو کولتوری کوردی بوو، بەجۆرێک دوای جەنگ بوە
خاوەنی فەرهەنگێکی (کوردی ـ ئەرمەنی)و چەندین شاکاری شیعری بەزمانی شیرینی دایک.
سنگێک پڕ لەمەدالیای شانازیی
مێژوی سەربازیی سیابەندۆڤ تەنها گێڕانەوە نییە، بەڵکو تۆمارێکی پڕ لەسەروەرییە،
ئەو لەلایەن (لینین)ەوە نازناوی پاڵەوانی یەکێتی سۆڤیەتى پێبهخشرا لەڕۆژى 24ى
ئادارى 1945، بەهۆی جوامێریی بێوێنەی لەبەرامبەر سوپای ئەڵمانیا، چەندین نازناوی گەورەی
وەک (پاڵەوانی جەنگی یەک سەدە)و (ئەستێرەی سوپای سور)ی بەدەستهێنا.
ئەم خەڵاتانە بەهۆی ئازایەتییە بێوێنەکانی لەکاتی شەڕ دژی نازییەکانو ڕۆڵی
لەسەرکەوتنەکانی سوپای سوردا بوە، جگە لەم خەڵاتە سەرەکییە، لەساڵانی 1942، 1943و
1944دا چەندین مەدالیای دیكهى وەرگرتوە.
ژیان لەدوای جەنگ.. لەجەنگاوەرییەوە بۆ دەوڵەتمەداری
سیابەندۆڤ تەنها لەشەڕدا سەرکەوتوو نەبوو؛ ئەو لەکایەی سیاسەتیشدا بوە جێی
متمانەی گەلان، لەساڵی 1964 وەک یەکەم کورد گەیشتە ئەنجومەنی باڵای یەکێتی سۆڤیەت،
دواتر وەک جێگری سەرۆکی هەرێمی ئەرمینیاو جێگری وەزیری کشتوکاڵ خزمەتیکردو سەلماندی
کە کورد لەهەر شوێنێک بێت، دەتوانێت لوتکەکان داگیربکات.
کۆتایی ڕێگهیەکو مانەوەی ناوێک
ئەم پڵنگە کوردە، دوای 80 ساڵ لەژیانێکی پڕ لەململانێو
شانازیی، لەساڵی 1989 کۆچی دوایی کرد، بەڵام ناوی لەمێژوی جیهاندا وەک ئەو ئەفسەرە
مایەوە کە لەجەرگەی بەرلیندا، شکۆی هیتلەری لەژێر پێیەکانی وڵاتەکەیدا وردوخاش کرد.
