شارپرێس:
بۆ زۆرێک لەو گەشتیارانەی ڕوو لەکەناراوەکانی تورکیا دەکەن یان وەک وێستگەیەکی ترانزێت بەفڕۆکەخانەی "سەبیحە گۆکچەن"دا تێپەڕ دەبن، ئەم ناوە تەنها ناونیشانێکی ئاساییە لەسەر نەخشەی گەشتەکانیان، بەڵام لەپشت ئەم ناوە بریقەدارەوە، مێژویەکی ڕەشو خوێناوی شاراوەتەوە؛ مێژویەک کە بۆنی باروتو بۆمبی لێدێت.
فڕۆکەوانێک لەسەر تەرمی بێتاوانەکان
سەبیحە گۆکچەن کە وەک (کچی شانازى) مستەفا کەمال ئەتاتورکو یەکەم فڕۆکەوانی ژن لەمێژوی تورکیادا دەناسرێت، تەنها سیمبولێکی فێمینیستیو نەتەوەیی نییە، ئەو یەکەم دەست بوو کە لەساڵی 1937دا ئاسمانی (دەرسیم)ی باكورى كوردستانى کردە دۆزەخ.
ئەوکاتەی فێمینیستە نەژادپەرستەکانی تورک شانازییان بەفڕینیەوە دەکرد، ئەو خەریکی بەتاڵکردنەوەی جبهخانهى بۆمبەکانی بوو بەسەر سەری منداڵو ژنە کوردەکانی دەرسیمدا.
کارەساتی دوای بۆردومان.. سڕینەوەی نەوەیەک
چیرۆکی تاوانەکانی سەبیحە تەنها بەبۆردومانەکە کۆتایی نەهات، دوای ئەوەی گوندەکانی دەرسیم خاپورکرانو دایکو باوکەکان لەناوچون، دەوڵەتی تورک پڕۆسەیەکی مەترسیداری دەستپێکرد، منداڵە هەتیوەکانی دەرسیم کۆکرانەوەو سەریان پاک تاشرا، ئەو منداڵانە ڕەوانەی شارە گەورەکان کرانو بەسەر خێزانە تورکەکاندا دابەشکران، تا بەتەواوی ڕەگو ڕیشەی کوردییان لەبیربچێتەوە.
فڕۆکەخانەیەک وەک برینێکی ساڕێژنەکراو
ناونانی یەکێک لەگەورەترین فڕۆکەخانەکانی جیهان بەناوی (سەبیحە گۆکچەن)، لەلایەن کوردو چاودێرانەوە وەک پیرۆزکردنی تاوانبارێکی جەنگ دەبینرێت، ئەمە تەنها یادکردنەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو وەک چاودێران دەڵێن، ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە فاشیستییەیە کە ئەمڕۆش بەشێوازی جیاواز لەباکور، باشورو ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە.
بهگوێرهى سەرچاوە مێژوییەکان، ناوهێنانی وەک کچی شانازی یان کچی مەعنەویی ئەتاتورک بۆ چەند هۆکارێکی سیاسییو کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، وهكو سهرچاوهكان دهڵێن، مستەفا کەمال ئەتاتورک لەساڵی 1925دا کاتێک سەردانی شاری بورسای کردوه، سەبیحەی ناسی کە ئەوکات منداڵێکی هەتیو بوه، ئەتاتورک بڕیاریدا وەک کچی مەعنەوی خۆی هەڵیبگرێتەوەو بیباتە ئەنكەرە بۆ پەروەردەکردن.
سهرچاوهكان باس لهوهدهكهن، ئەتاتورک ویستویهتى سەبیحە بکاتە نمونەی ئەو ژنە نوێیەی کە ئەو خەونی پێوە دەبینی؛ ژنێک کە بتوانێت کارە قورسەکانی وەک فڕۆکەوانی ئەنجامبداتو لەمەیدانی جەنگدا بێت، تا بیسەلمێنێت کە تورکیای نوێ لەوڵاتێکی ئایینییەوە بوەتە وڵاتێکی مۆدێرنو عەلمانی.
ناوی خێزانی "گۆکچەن (Gökçen) کە بەواتای (پەیوەست بەئاسمان) دێت، لەلایەن خودی ئەتاتورکەوە لەساڵی 1934 پێی بەخشرا، ئەمەش پێشئەوەی ببێتە فڕۆکەوان، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو داهاتوەی بۆی کێشابوو.
بەهۆی ئەوەی کچی نزیکترین کەسی دەسەڵات بوو، بونی ئەو لەناو جەنگی (دەرسیم)دا وەک پەیامێکی سیاسی بەکارهات؛ بۆ ئەوەی پیشانی بدەن کە دەوڵەتی تورکو تەنانەت ژنەکانیشیان، ئامادەن بۆ پاراستنی نەتەوەکەیان هەر کارێک بکەن.
لەمێژوی فەرمیی تورکیادا، ئەو وەک (شانازیی نەتەوە) وێنادەکرێت، بەڵام لەمێژوی کورددا وەک (ئامرازی دەستی ئەتاتورک) بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی دەرسیم دەناسرێت.
چاودێرانى سیاسیى دهڵێن، "پێویسته ههركاتێكو ههر كوردێك ڕێى كهوته ئەو فڕۆکەخانەیەو لهوێ دابهزیى، بیرى بێت، ئەو زەوییەی لەسەری دهڕواتو ئەو ناوەی دەیبیستن، بەخوێنی منداڵانی دەرسیمو فرمێسکی دایکانی کورد ڕەنگکراوە".