كۆتایی ناوچە خۆڵەمێشییەکە.. ئایا ترەمپ کلیلی سزاکان بۆ ئێران بەکاردةهێنێت یان فڕۆکە جەنگییەکان؟

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1076 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ناوچەی کەنداو ڕوبەڕوی قۆناغێکی مەترسیدار دەبێتەوە، کاتێک ئاماژەکانی نەرمی نواندن لەلایەک‌و جوڵە سەربازییە چڕەکان لەلایەکی دیكه‌وه‌، دۆخەکەیان خستوەتە حاڵەتی نە جەنگ‌و نە ڕێککەوتن.


نەرمی نواندنی ترەمپ‌و مەرجەکانی تاران
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەگۆڕانکاری لەهەڵوێستەکانیدا کردوەو ڕایگەیاندوە کە دژایەتی ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ ماوەی 20 ساڵ ناکات، بەو مەرجەی پابەندییەکی ڕاستەقینە هەبێت، هەروەها باس لەئەگەری کەمکردنەوەی فشارە ئابورییەکان دەکات لەڕێگەی لادانی سزاکان لەسەر ئەو کۆمپانیا چینیانەی نەوتی ئێران دەکڕن.

لەبەرامبەردا، ئێران بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشنیازانە دەکات‌و تاران جەختدەکاتەوە، متمانەی بەئەمریکا نییە؛ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ده‌ڵێت، "تاوەکو واشنتۆن گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لەسیاسەتەکانیدا نەکات، ناچنە ناو هیچ دانوستانێکی نوێوە".

ئامادەکارییەکان بۆ جەنگ.. بژاردەیەک کە هێشتا لەسەر مێزە
سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ئەگەرەکانی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی هەر ماون، ڕاپۆرتەکان ئاشکرایدەکەن کە یاریدەدەرانی ترەمپ پلانی نوێیان ئامادەکردوە بۆ بۆردومانکردنی ئامانجەکان لەناوخۆی ئێران، لەوانە دامەزراوەکانی سوپای پاسداران‌و بنکە ئەتۆمییەکان.

ئەمریکا كه‌شتیى فڕۆكه‌هه‌ڵگرى (جێراڵد فۆرد)ی لەناوچەکە کشاندەوە، دوای ئەرکێکی درێژخایەن کە 11 مانگی خایاند، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا، تەلئەبیب بەوردی چاودێریی دۆخەکە دەکات‌و هێزەکانی لەئامادەباشیدان بۆ هەر هێرشێکی ئەگەری بۆسەر ژێرخانە وزەو ستراتیژییەکانی ئێران.

گەروی هورمزو چەقی ململانێکان
گەروی هورمز وەک هەستیارترین خاڵی کێشەکە ماوەتەوە، ئێران دەستیکردوە بەجێبەجێکردنی پڕۆتۆکۆڵی یاسایی نوێ بۆ تێپەڕبونی کەشتییەکان لەژێر چاودێری سوپای پاسداران، لەبەرامبەردا، ئەمریکاو وڵاتانی کەنداو هەوڵدەدەن لەڕێگەی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە بڕیارێک دەربکەن بۆ زامنکردنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی‌و ڕێگریکردن لەهەڕەشەکانی ئێران.

چاودێرانیش پێیانوایه‌، ناوچەکە لەناوچەیەکی خۆڵەمێشیدایە؛ هەر هەڵەیەکی بچوک یان شکستی دانوستانەکان، دەکرێت ببێتە هۆی تەقینەوەیەک کە هەموو جیهان بگرێتەوە.

بەپەلە