چۆلەکەی مەرگ.. ئه‌و چه‌كه‌ نوێیه‌ى ئامانجەکان دەکات بەخۆڵەمێش

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1928 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشهاتێکی مەترسیداری تەکنەلۆژیای سەربازیدا، کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازی ڕوسیا پەردەی لەسەر درۆنێکی نوێ لادا کە توانای هەڵگرتنی بۆمبی ئۆکسجین‌ هەڵمژ-ى هه‌یه‌، درۆنەكه‌ بە (چۆلەکە-10 ـ Vorobey-10) ناسراوە، تەنها ئامێرێکی فڕیو نییە، بەڵکو وەک کابوسێکی گەڕۆک وەسفدەکرێت کە دەتوانێت سەنگەرو قەڵاکان لەچەند چرکەیەکدا بکاتە خۆڵەمێش.


هێزی وێرانکاریی.. کاتێک هەوا دەبێتە چەک
ئەو چەکە گەرمیبەستەی کە ئەم درۆنە هەڵیدەگرێت، جیاواز لەبۆمبی ئاسایی، ئۆکسجینی دەوروبەری خۆی وەک سوتەمەنی بەکارده‌هێنێت، لەکاتی تەقینەوەدا، شەپۆلێکی گەرمیی یەکجار بەهێز دروستدەکات کە پلەی گەرمییەکەی دەگاتە سێ هه‌زار پلەی سیلیزیی، ئەمە نەک هەر دەبێتە هۆی سوتانی هەموو شتێک، بەڵکو لەشوێنە داخراوەکانی وەک حەشارگەو زرێپۆشەکاندا، ئۆكسجین ناهێڵێت‌و سییەکانی مرۆڤ له‌كارده‌خات‌و ئامانجەکانیش دەسڕێتەوە.

تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی Vorobey-10:
نوسینگەی دیزاینی "Spektr" ڕایگەیاندوە، ئەم درۆنە بەهەشت بزوێنەری سەربەخۆ کاردەکات، ئەمەش وای لێدەکات، ئەگەر یەکێک لەبزوێنەرەکانیشى لەکاربکەوێت، هێشتا دەتوانێت بەردەوامبێت لەفڕین، توانای هەڵگرتنی تا 10 کیلۆگرام تەقەمەنی یان پێداویستی لۆجستی هەیە، دەتوانێت تا 15 کیلۆمەتر بچێتە ناو قوڵایی هێڵەکانی دوژمن، ئەمەش وای لێدەکات لەشوێنێکی دورو سەلامەتەوە ئامانجەکان بپێکێت.


هۆشدارییە مرۆییەکان
لەکاتێکدا ڕوسیا ئامادەکاریی دەکات بۆ بەرهەمهێنانی مانگانە هه‌زار دانە لەم درۆنە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ هۆشداریدەدەن لەبەکارهێنانی ئەمجۆرە چەکانە، هەوری ئاگرینى ئەم بۆمبانە هیچ دەرفەتێک بۆ ڕزگاربون ناهێڵێتەوەو ژێرخانی شارەکان بەتەواوی وێراندەکات.

چاودێران‌و شاره‌زایانى سه‌ربازیش ده‌پرسن، ئایا دەرکەوتنی چۆلەکەی مەرگ، هاوسەنگییەکانی جەنگ لەئۆکرانیا دەگۆڕێت؟ یاخود جیهان بەرەو قۆناغێکی نوێی جەنگی بێبەزەییانە دەبات کە تێیدا مرۆڤ لەبەردەم گەرمییەکی سێ هه‌زار پلەییدا دەبێتە خۆڵەمێش؟.

بەپەلە