عێراق جوڵەیەکی پەرلەمانیی فراوان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەمریکا ده‌ستپێده‌كات

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9167 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدوای زنجیرەیەک هێرشی ئەمدواییەی سەر بنکە و بارەگاکانی هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی، گۆڕەپانی سیاسی عێراق شایەتی شەپۆلێکی توڕەیی و جووڵەیەکی بێپێشینەی پەرلەمانییە. پەرلەمانتاران چیتر تەنها بە سەرکۆنەکردن ڕازی نین، بەڵکو داوای گۆڕینی ڕیشەیی لە پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن دەکەن.


"شکستی ڕێککەوتننامەکان"و پرسی سەروەری
ئەحمەد مەجید ئەندامی په‌رله‌مانى عێراق ڕاشکاوانە دەڵێت، هێرشەکان پرسیارێکی جەوهەرییان لەسەر سودی ڕێککەوتننامە ئەمنییەکان دروستکردوە.

بەوتەی ئەو، ئەم ڕێککەوتنانە نەیانتوانیوە سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی بۆ عێراق دابینبکەن کە پارێزگاری لەئاسمانی وڵات بکات، بۆیە داوادەکات لەڕێگەی یاسایی‌و دەستورییەوە پێداچونەوە بەم ڕێککەوتنانەدا بکرێت‌و بونی سەربازیی بیانی کەمبکرێتەوە.

 ململانێی پڕچەککردن‌و بەربەستەکان
لەلایەکی دیكه‌وه‌، فالح حەسەن ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق تیشکدەخاتەسەر کێشەیەکی مێژویی؛ ئەویش جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی پەرلەمانە بۆ کڕینی پێشکەوتوترین سیستمی بەرگریی ئاسمانی‌و پڕچەککردنی سوپا، حەسەن ئاماژە بەوەدەکات، سەقامگیریی نیشتمانی تەنها بەبونیادنانی هێزێکی بەرگریی سەربەخۆ دەبێت کە نەکەوێتە ژێر کاریگەری ململانێ هەرێمایەتییەکان.

دیپلۆماسی لەنێوان شەڕو ئارامیدا
عالیە نوسه‌یف ئەندامی کوتلەی ئیعمارو گەشەپێدان، جەخت لەسەر ڕێگەی دیپلۆماسی دەکاتەوە وەک تاکە دەرچە بۆ ئەوەی عێراق نەگلێتە ناو جەنگێکی سەربازییەوە، ئەو پشتیوانیی خۆی بۆ هەنگاوەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەربڕی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم تەنگژەیە، بەڵام هاوکات جەختی لەیەکڕیزیی ناوخۆیی کردەوە بۆ ڕێگریکردن لەهەر دەستوەردانێکی دەرەکی.

پەرلەمان لەژێر سایەی تەنگژە ئەمنییەکاندا
مستەفا عەبدولهادی پەرلەمانتاری کوتلەی ئەساس، هۆشداریدەدات کە ناسەقامگیریی ئەمنیی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دەوامی پەرلەمان‌و یاسادانان هەیە.

ئەو پێیوایە، کاتێک ئاسایش تێکدەچێت، پڕۆسەی سیاسیی پەکیدەکەوێت، بۆیە داوای هەماهەنگی خێرا لەنێوان حکومەت‌و پەرلەمان دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان.

عێراق لەئێستادا لەنێوان دوو بەرداشدایە؛ لەلایەک فشاری پەرلەمانی بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان‌و سەربەخۆیی لەپڕچەککردن‌و لەلایەکی دیكه‌وه‌ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی حکومەت بۆ پاراستنی هاوسەنگیی، چاودێرانیش ده‌پرسن، ئاخۆ پەرلەمان دەتوانێت لەڕێگەی یاساوە نەخشەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا بگۆڕێت، یان ململانێ سیاسییەکان جارێکی دیكه‌ ئەم پرسە دوادەخەن؟.

بەپەلە