چاوەکان لەسەر ئیمراڵین.. ئۆجه‌لان پەیامێكى گرنگ بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1317 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا کە ناوچەکە لەناو تەپوتۆزی ململانێ سیاسییەکاندا وێڵە بەدوای دەرچەیەکدا، به‌یانى ئەمڕۆ سێشەممە هەموو چاوەکان لەسەر "ئیمراڵی"ن، عەبدوڵا ئۆجەلان، دوای ساڵانێکی درێژ لەگۆشەگیریی، لەڕێگەی وه‌فدێكى باڵای (دەم پارتی)یەوە، كه‌مێكى دیكه‌ پەیامێکی چارەنوسساز ئاراستەی ڕای گشتیی دەکات؛ پەیامێک کە زۆرینە وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ ئاشتییەکی سەقامگیر ناوی دەبەن.


گوڵستان کڵچ کۆچیێکت جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی له‌په‌رله‌مانى توركیا ڕایگەیاند، پەیامەکە بەرهەمی کۆبونەوەیەکی وردی شاندەکە بوە لەگەڵ ئۆجەلان لە 27ی ئەم مانگەدا.

وه‌كو چاودێران باسیانكردوه‌، ئەم پەیامە تەنها دەقێکی سیاسی نییە، بەڵکو وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو ملیۆنان دەنگەی لەجەژنی نەورۆزدا لەگۆڕەپانەکاندا بەرزبونەوەو داوای چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کوردیان دەکرد.

چاودێرانی سیاسی پێشبینیدەکەن، پەیامەکەی ئۆجەلان لەچەند خاڵێکی جەوهەریدا کۆببێتەوە، یه‌كێكیان دیالۆگی سیاسیه‌، ئه‌ویش گۆڕینی هاوکێشەی ململانێی چەکداریی بۆ ململانێی دیموکراتی لەناو پەرلەمان‌و دامەزراوە یاساییەکاندا، ئه‌وى دیكه‌ش شکاندنی گۆشەگیریی، واته‌ پەیامەکە خۆی لەخۆیدا وەک یەکەم هەنگاوی شکاندنی ئەو دیواری بێدەنگییە دەبینرێت کە ساڵانێکە بەسەر ئیمراڵیدا سەپێنراوە، چاوەڕواندەکرێت ئۆجەلان داوای گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەدەستوری تورکیادا بکات بۆ دانپێدانان بەناسنامەی گه‌لى کورد.

بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە شەپۆلێکی ئومێدی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا دروستکردوە، بۆ زۆرێک، ئەمە دەرفەتی کۆتاییە بۆ ئەوەی تورکیا لەبازنەی شەڕو ناسەقامگیریی ڕزگاری بێت، ئەندامانی ئه‌و وه‌فده‌ش كه‌ له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان كۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌ (پەروین بوڵدان، میدحەت سەنجەرو فایەق ئۆزگور) بون کە ڕاستەوخۆ گوێبیستی سەرنجەکانی ئۆجەلان بون، بڕیاریشە لەچەند کاتژمێری داهاتودا وردەکارییەکان بۆ جیهان بخەنەڕوو.

ئایا ئەمڕۆ دەبێتە سەرەتای کۆتاییهێنان بەچەندین دەیە لەخوێنڕشتن؟ یان تەنها وێستگەیەکی دیكه‌ى سیاسییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لەناو ئەو دێڕانەدایە کە ئەمڕۆ بەیانیی لەئیمراڵییەوە بڵاوده‌بنه‌وه‌و جیهانیش چاوەڕێیەو مێژوش خەریکی تۆمارکردنی وەرچەرخانێکی نوێیە.