شارپرێس:
کاتێک باس لەململانێو جەنگەکان دەکرێت، ژمارەکان تەنها وێرانکاریی نیشان نادەن، بەڵکو ئەو دەرفەتە زێڕینانە بیردەخەنەوە کە مرۆڤایەتی بەئاسانی لەدەستیاندەدات، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕایدهگهیهنێت، "تێچوی تەنها یەک ململانێی وەک جەنگی ئەمریکا دژ بەئێران کە بە 75 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، دەکرێت نەخشەی گۆی زەوی لەبیابانو دوکەڵەوە، بگۆڕێت بۆ بەهەشتێکی سەوز".
مەعروف مەجید چالاکوانی ژینگەو سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لەشیکارییەکی وردی ژینگەییدا دەریدەخات کە چۆن ئەم بڕە پارەیە دەتوانێت چارەنوسی هەسارەى زهوى بگۆڕێت.
کۆتاییهێنان بەتینوێتی جیهانی
بهگوێرهى ئاماری نەتەوەیەکگرتوەکان، تەنها بە 30 ملیار دۆلار دەتوانرێت کێشەی ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ هەموو ئەو مرۆڤانە چارەسەربکرێت کە لەجیهاندا بێبەشن، لهو ڕوهشهوه سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە دهڵێت، "بەو 75 ملیار دۆلارە، دەکرێت سیستەمی ئاودێریی بۆ ملیۆنان هێکتار زەوی بگۆڕدرێتو وێستگەی زەبەلاحی شیرینکردنی ئاوی دەریا لەو وڵاتانە دروستبکرێت کە بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنن".
سەوزکردنەوەی زەویو ڕاگرتنی بەبیابانبون
وهكو مهعروف مهجید ئاماژهى پێدهكات، تێچوی چاندنی ملیارێک دار نزیکەی 2 ملیار دۆلارە، بەو بودجەیەی بۆ جەنگ تەرخاندەکرێت، دەتوانرێت 37 ملیارو 500 ملیۆن دار بچێنرێت، ئەمەش نەک هەر دیواری سەوزی مەزن لەئەفریقاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواو دەکات، بەڵکو ڕوبەری سەوزایی جیهان بەڕێژەی 5٪ زیاد دەکاتو ڕێگریی لەگۆڕانی زەوی بۆ بیابان دەکات.
شۆڕشی وزەی خۆر لەوڵاتانی هەژار
وهكو سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ئاشكرایكردوه، تائێستا زۆرێک لەوڵاتانی جیهانی سێیەم هێشتا خەڵوزو نەوت بۆ کارەبا بەکاردەهێنن، بە 75 ملیار دۆلار دەتوانرێت 75 هەزار مێگاوات وزەی خۆر بەرهەمبهێنرێت، ئەمەش یەکسانە بەدابینکردنی کارەبای پاک بۆ زیاتر لە10 وڵاتی مامناوەند کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ملیۆنان تۆن لەغازی دوەم ئۆکسیدی کاربۆن.
پاککردنەوەی زەریاکانو پاراستنی جۆرە دەگمەنەکان
لهبهشێكى دیكهى شیكارییهكهى مهعروف مهجید-دا ئاماژه بهپاككردنهوهى زهریاكان كراوه، ئهو ڕایگهیاندوه، بەتەنها (5 بۆ 10) ملیار دۆلار، دەتوانرێت تەواوی زەریاکانی جیهان لەپاشماوهى پلاستیک پاکبکرێتەوە، هەروەها ئەم بودجەیە دەتوانێت بودجەی 10 ساڵی پاراستنی هەموو ناوچە سروشتییە گرنگەکانی جیهان (Hotspots)و دارستانە کەمەرەییەکان دابینبکات، بەمەش زەریاکان لەملیۆنان تۆن پلاستیک پاکدەبنەوەو دەبنە هۆی کوشتنی نەهەنگو باڵندە دەریاییە جۆره دهگمهكان.
ڕاستییەکی تاڵ؛ بودجەی جەنگ بەرامبەر بودجەی ژینگە
مەعروف مەجید ئاماژە بەبەراوردکارییەکی مەترسیدار دەکاتو ڕونیكردوهتهوه، "بودجەی ساڵانەی گەورەترین ڕێکخراوی ژینگەیی جیهان (UNEP) تەنها نزیکەی 700 ملیۆن دۆلارە، ئەمە واتە تێچوی ئەم جەنگەى ئێستاى ئهمریكاو ئیسرائیل لهگهڵ ئێران، یەکسانە بەبودجەی 100 ساڵی هەموو چالاکییە ژینگەییەکانی جیهان!".
لهكۆتایى شیكارییهكهیدا، مهعروف مهجید وتویهتى، "کێشەی ژینگە نەبونی پارە نییە، بەڵکو نەبونی ئیرادەیە، ئهگهرنا ئەو پارەیەی دەدرێت بەیەک جەنگ، بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بۆ سەدەها ساڵ لەئاشتیدا لەگەڵ سروشت بژیت، تێچوی جەنگی ئەمریکا دژ بە ئێران کە بە 75 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت كه تێچوى ئێرانو وڵاتانى دیكهشى لهسهر نییه، دەکرێت نەخشەی گۆی زەوی لەبیابانو دوکەڵەوە بگۆڕێت بۆ بەهەشتێکی سەوز".
