کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان بەتوندی ھێرشە درۆنییەکەی رۆژی ھەینی رابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری سەرکۆنەکردو ڕایگەیاند، پشتگیری لە ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
مارک سترۆ کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەرێم لە دیدارێکدا لەگەڵ کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم بەوەکالەت پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق دووپاتکردەوە بۆ رێگریکردن لە ھێرشی تیرۆریستی و رایگەیاند، ئامانج لە ھێرشەکان زیانگەیاندنە بە لایەنی ئەمنی و ژێرخانی ئابوریی ھەرێمی کوردستان و عێراق.
هەروەها ڕاشیگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە نزیکەوە چاودێری بەدواداچوونی گۆڕانکارییەکان دەکات و بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ پشتگیرکردن لە ئارامی و ئاسایشی ھەرێم و رێگرتن لە بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق و ھێرشی تیرۆریستی.
لای خۆیەوە وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم بەوەکالەت، ستایشی ھەڵوێستەکانی ئەمریکای کرد و داوایکرد ھەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابوریی ھەرێم چڕبکەنەوە.